ڕێژیمی ئێران درێژە بە ملهۆڕییەکانی خۆی دەدات و وڵاتانی ئیسرائیل و ئەمریکاش هەوڵ دەدەن بە هەموو شێوازێک پێش بەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە بگرن.
لە درێژەی ملهۆڕی و سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر کاروباری دروستکردنی چەکی ناوکیی و ملنەدانی ئەو ڕێژیمە بە خواستەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پێبەندنەبوونی بە کۆنڤانسیۆن و ڕێککەوتننامە پێوەندیدارەکان، کاربەدەستان و بەرپرسانی وڵاتانی ئیسرائیل و ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، جارێکی تر جەختیان لەسەر پێشگرتن بەو ڕێژیمە کردەوە و ڕایانگەیاند کە ناهێڵن ڕێژیمی ئێران چەکی ناوکیی دروست بکات.
لەم بارەیەوە “ئیسحاق هێرتزوگ”، سەرۆککۆماری ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ “جەیک سالیوان”، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، بە نیگەرانییەوە باسی لە سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پەرەپێدانی بەردەوام بە چەکی ناوکیی و هەوڵە چڕوپڕەکانی ئیسرائیل بۆ پێشگرتن بەو ڕێژیمە کردەوە و ڕایگەیاند کە وێڕای وتووێژەکانی ڤییەن، ئێران خەریکە لە دروستکردنی چەکی ناوکیی نزیک دەبێتەوە، بەڵام بە هەر نرخێک بووە دەبێت پێش بە ڕێژیمی ئێران بگیردرێت کە چەکی ناوکیی دروست نەکات و ئیسرائیل لەم پێوەندییەدا هەموو هەوڵیکی دەخاتە گەڕ.
هەر لەم پێوەندییەدا “ڕابێرت مالی”، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “سیئێنئێن”، وێڕای ئاماژەدان بە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر دروستکردنی چەکی ناوکیی، وتوویەتی: “لە داهاتوویەکی نزیک و دۆخێکی نوێدا ناچار دەبین، بگەین بەو باوەڕەی کە ئیتر بەرجامێک لە ئارادا نییە و دەبێت ڕێککەوتننامەیەکی جیاوازتر و نوێتر بێتە ئاراوە و بە دڵنایییەوە دەبێت بچینە قۆناغێکی ترەوە”.
ناوبراو لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتوویەتی: “ئەگەر ڕێژیمی ئێران بە خێرایی درێژە بە سەرەڕۆییەکانی خۆی بدات، تەنیا چەند حەوتوو دەرفەتمان هەیە، نەک زۆرتر؛ کەوایە بەو ئاکامە دەگەین کە ڕێککەوتننامەیەک نەماوە کە بمانهەوێت دیسان لەسەری قسە بکەین”.
هەروەها لەم بارەیەوە “ئانتۆنی بلینکێن”، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆبووەنەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ دەرفەتەکان بۆ قسەکردنەوە و بڕەودان بە بەرجام زۆر زۆر کەمە.