فەرەیدون عەباسی دەوانی، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند کە گەڵاڵەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە دوورگەکانی کیش و قێشم بە شێوەی تاقیکاری ئەنجام دەدرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیلنا، فەرەیدوەن عەباسی ئەندامی کۆمیسیۆنی وزەی مەجلیسی ڕێژیم وتی:”ئەگەر بمانهەوێ ئەو کارە بخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە، دەبێ لە جێگایەکی چکۆلەوە دەست پێبکەین و لە ناوچەکانی کیش و قێشم کە ناوچەیەکی ئازادن، دەتوانین سەرەتا ئەو گەڵاڵەیە بخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە، ناوبراو ئیدیعا دەکا و دەڵێ لە ئەسڵدا ئەوە ئازادکردنی نرخ نییە بەڵکوو، جێگیرکردنی نرخەکان و هەقدەستەکانە”.
ئەو قسانەی عەباسی لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەری”بۆنبەست” کە هەموو ڕۆژێک نرخی دراو لە بازاڕی ئێراندا ڕادەگەیەنێ، نرخی کڕینی هەر دۆلارێکی ئەمریکا ٣٠ هەزار و ٢٠٠ تمەن و نرخی فرۆشتنیشی ٣٠ هەزار و ١٠٠ تمەن ڕاگەیاندووە.
فەرەیدون عەباسی لە درێژەدا ڕاگەیاندووە کە بەرز بوونەوەی نرخی بێنزین لە قێشم و کیش بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و تاکوو کارەساتی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی دووپات بێتەوە.
جێی ئاماژەیە کە لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سێ بەرابەری بێنزین لە ئێران و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵک بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بێنزین، لەماوەی پێنج ڕۆژدا زیاتر لە ١٥٠٠ کەسی ناڕازی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژمەوە کوژران و بە هەزاران کەسی دیکەش بریندار و دەسبەسەر کران.