سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل مانۆڕێکی سەربازیی بەربڵاو لە گەرووی هۆرمۆز بەرێوە دەبات.
هاوکات لەگەڵ کێشەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئەمریکا لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی تاران و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی دامەزراوە ناکییەکانی ئێران، سپای تێرۆریستیی پاسداران، مانۆڕێکی سەربازیی لە گەرووی هۆرمۆز بەڕێوە دەبات.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی” دەیلی میل” کە ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوبووەتەوە، غوڵامعەلی ڕەشید، فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەهەمبەر لەنێوبردنی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران وتوویە کە ئێران بە هەر جۆرە هێرشێکی سەربازیی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی، وڵامێکی خێرا و توند دەداتەوە.
سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ٢ ڕۆژ پاش کۆتاییهاتنی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، مانۆڕێکی سەربازیی بەربڵاو لە گەرووی هۆرمۆز بە بەشداری هێزی ئاسمانیی و وشکانی و دەریایی سپای پاسداران بەڕێوە دەبا و هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو مانۆڕە سەربازییە بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
هەواڵدەرییەکانی نزیک لە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لەم پێوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی سێشەممە لە دووهەمین ڕۆژی ئەو مانۆڕەدا هێزی دەریایی سپای پاسداران، ٥ مووشەکی کرووزی دژەکەشتی تاقیکردووەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتر بەرپرسانی ئیسرائیلی، سەرەڕای دەربڕێنی نیگەرانییەکانیان لەهەمبەر بەرەوپێشچوونی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، ڕایانگەیاندبوو کە ئامادەن بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازیی بەدژی دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران.