ئاماژە: دوای ئەوەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە ڕادەستکردنی دوو سیخوڕ و تاوانباری سەر بە کۆماری ئیسلامی بە دەزگای دادی هەرێمی کوردستان کرد، ئەم باسە کۆمەڵێک پرس و پرسیاری لە بیروڕای گشتی و سۆسیال مێدیادا ورووژاند.
“کوردستان” بەباشی زانی ئەم بابەتە و پرسیارە جۆراوجۆرەکانی پێوەندیدار بەو بابەتە لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزب بێنێتە بەرباس.
***
کاک مستەفا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە دوو تاوانبارتان کە سیخوڕییان بۆ کۆماری ئیسلامی کردووە و لە هێرشە مووشەکییەکەی خەرمانانی ١٣٩٧دا چاوساغییان بۆ ڕێژیم کردووە، ڕادەستی دەزگای دادی هەرێمی کوردستان کردووە. بۆ ئەو کارەتان کرد؟ حیزب بۆچی بۆ خۆی ئەو تاوانبارانەی سزا نەدا؟
هەموو ئەو کەسانەی لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان شارەزان، دەزانن کە حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبێکی قانوونمەدارە و باوەڕی بە یاسا و پڕەنسیپە ئینسانی، ئەخلاقی و حقووقییەکان هەیە. کە وایە هەر باسێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و حقووقی بێ، پێی باش و دروستە بە ڕێڕەوی خۆیدا یەکلا بێتەوە. زۆرجار لە ڕاگەیاندنەکانی حیزبی دێموکراتەوە دەبیستین کە ئەم حیزبە پابەندە بە مەنشوورە ئینسانییەکانی مافی مرۆڤ، مافی نێودەوڵەتی و سەروەریی یاسا. کە وابوو ئەوە ئەسڵێکی نەگۆڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. حیزبی دێموکراتی کوردستان تەنانەت ئەوکاتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە شێوەی عورفی و مەیدانی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریی ناوچەکەی هەبوو، هەر ئەوکات زۆر بەپەلە بە بەشداری و هاوبەشیی ئەو مافناس و یاساناسانەی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون، یاسایەکی بۆ کۆنتڕۆڵی ڕەوشی کۆمەڵایەتیی کوردستان دانا بە ناوی “یاسای سزادانی گشتی”. ئەوکاتیش ئەگەر کەسێک خەتایەک یان تاوان و جینایەتێکی کردبێ، حیزبی دێموکرات لە ڕێڕەوی حقووقییەوە لێی پرسیوەتەوە و بەدواداچوونی بۆ کردوە. دادگاکانی حیزبی دێموکرات، دادگاکانی شۆڕش یان دادگاکانی خەڵکی کوردستان بوون و لە مەحکەمەیەکی زۆر شەفاف و دادپەروەرانەدا، حوکمی شیاو و سزای گونجاو لەگەڵ تاوانی بۆ تاوانبار دەرکردوە.
زۆر بەڕوونی لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەدا کە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو دوو سیخوڕەی ڕادەستەی دەزگای دادی هەرێمی کوردستان کرد، وەڵامەکە ڕوونە. لەبەر ئەوەی ئەم جینایەتە لە وڵاتی عێراق و لە هەرێمی کوردستان کراوە و دەزگای دادی هەرێم سەڵاحییەتی ڕاگەیشتن بەو تاوان و جینایەتەی هەیە.
دوویەم، هەر ئەوکات کە جینایەتەکە ڕووی دا، حیزبی دێموکرات کوردستان لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا، سکاڵای لەسەر کۆماری ئیسلامی تۆمار کرد، چونکی دەمودەست سوپای پاسداران دانی بەوەدا نا کە ئەم جینایەتەی لە مەرکەزی قەراری حیزبی دێموکراتی کوردستان کە مەرکەزێکی سیاسی، تەشکیلاتییە و ژن و منداڵیشی تێدا بوون کراوە، ئەوان کردوویانە. هەر ئەوکات حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێگای بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی ئەم ڕووداوەوە سکاڵای تۆمار کردوە. جا بەم پێیە ئێمە دەبێ بەڵگەکانی پێویست و پێوەندیدار بەو پەروەندەیە بدەین بەو دادگایە بۆوەی ئەدیللە و بەڵگەی تەواوی بۆ بەتاوانبارناسینی کۆماری ئیسلامی هەبێ. ئەم دوو تاوانبارەش وەک بکەر و عامیلی تاوان و جینایەتەکە بەشێک لە بەڵگەکانن. جا کاتێک ئەوان لە ڕەوتی لێپرسینەوە و بەدواداچووندا بە زمانی خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە دەستیان لە تاوانەکەدا هەبووە، سیخوڕییان کردوە، زانیارییان بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێ کردوە، سروشتییە کە حیزب دەبێ ئەو ئەدیللە و بەڵگەیە بدا بە دەزگای دادی هەرێمی کوردستان بۆوەی ئەوان لە مەحکەمەیەکی قانوونیدا بڕیار لەسەر ئەو پەروەندەیە بدەن.
لەدوای ئەوەش، حیزبی دێـموکراتی کوردستان مادام سەردەمانێک لە شوێنێک دادگایەکی هەبووە و هەوڵی ئەوەی داوە خەڵک لە ڕێگای قانوون و دادگاوە بەدواداچوون بۆ مافەکانی خۆیان بکەن، ئێستا کە بۆخۆی لە وڵاتێکی دیکەیە دەکرێ پابەندی قانوونی ئەو وڵاتە نەبێ؟ بۆیە ئەم بڕیارەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بۆ ئێستا و لەو بارودۆخەدا بڕیارێکی دروست بوو.
ئەدی نیگەرانی ئەوە نین کە کۆماری ئیسلامی دەستتێوەردان لە کاروباری ئەو دادگایەدا بکا و پەروەندەکە بە ئاقارێکی دیکەدا بخا؟
حیزبی دێموکراتی کوردستان وەزعییەتی سیاسیی ناوچە دەرک دەکا. بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان ئەم هەلومەرجەیان لەبەرچاوە. وەزعی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێوانەکان چ ئەو پێوانە ئەرێنی و باشانە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەیەکی حقووقی بۆ ئەم دادگایە، چ بەپێچەوانە ئەو سەرنج و تێبینییانە وەکوو گریمانە کە جەنابت تیشکت خستە سەری، هەموو ئەوانەمان لەبەر چاوە و ناکرێ بەهیند وەریان نەگرین. بەڵام بەخۆشییەوە دەبینین کە هەرێمی کوردستان سەربەخۆییەکی سیاسی و ئیداریی شیاوی هەیە. دەزگای دادی هەرێمی کوردستان دامەزراوەی قانوونیی دانپێدانراوی هەیە، هەر لە دادگای یەکەمەوە و تا دادگای پێداچوونەوە و ئیستیناف و هتد. کەوایە ئێمە پەروەندەیەکی حقووقی بە زانیاری و بەڵگەی تەواوەوە بە شتی ڕوون و دیارەوە ڕادەستی دادگایەک لە هەرێم بکەین، چاوەڕوانییشمان هەیە کە بەبێ ئەوەی ئیزن بدا دەستی دەرەکیی ئەملاوئەولا بێتە نێو دادگاوە، پەروەندەکە بە ئاکام بگەیەنێت. وەک پێشتریش گوتوومانە ئەوە بەرپرسایەتییەکی ئەخلاقی، مێژوویی و نەتەوەیی دەخاتە ئەستۆی دەزگای دادی هەرێم.
لەلایەکی دی، خۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەر ئەو کەیسەمان نیە، کەیسی دیکەشمان هەبووە، وەکوو دادگای شەهید قادر قادری کە بینیمان سێ کەس لەو تاوانبارانەی دەستیان لە تێرۆری شەهید قادر قادریدا هەبوو، گیران و دادگاییش کران و حوکمی قورسی قەزایییان بۆ دەرکرا. شەهید قادر قادرییش تێکۆشەری دێموکرات و فەرماندەری دێموکرات بووە و بە ئەمر و دەستووری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لێرە تێرۆر کرا. بەڵام ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دەزگای دادی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەم دەسەڵاتەی پێیان دراوە، بەدوویدا چوون، لەوانەیە ئێمە تێبینییەکمان لەسەر ئەم حوکمە هەبێ کە بۆچی بەپێی ماددەیەکی قانوونیی دیکە حوکم نەدراون، بەڵام لێپرسینەوە و بەدواداچوون کرا و پەروەندەکەش وەگەڕ خرا و بڕیاریشی لەسەر درا. بۆیە بە سەرنجدان بە زۆر هۆ و هۆکاری دیکەش حیزبی دێموکراتی کوردستان پێی وایە دادگاکانی هەرێمی کوردستان ئەو توانا و زەرفییەتە حقووقییەیان هەیە کە ئەو پەروەندەیەی تێدا وەگەڕ بخرێ و ئاکامی دروستی خۆیشی لێ وەربگیرێ. هەڵبەت ڕوونە کە ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات و هەموو لایەنەکانی دیکەی ئەو پەروەندەیە پارێزەر دەگرین و لە ڕووی سیاسی، حقووقی و مێدیاییەوە لەگەڵی دەڕۆینە پێشێ و چاوەڕوانیی ئەوەشمان هەیە کە دادگاکانی هەرێمی کوردستان پەروەندەکە بە ئاقارێکدا بەرن کە حەق بە حەقدار بگا و شانازییەک بۆ سەربەخۆیی دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێت.
کاک مستەفا پرسیاری زۆر کەس ئەوەیە کە ئایا هیچ هەڕەشەیەک لەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستان نەبوو، یان هیچ گوشارێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لەسەرتان نەبوو کە ئەو تاوانبارانە ڕادەستی حکوومەتی هەرێم بکرێن؟
بە مەسئوولییەتەوە دەڵێم ئەوەی لە کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی بنەماڵەی ئازیزی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان لەگەڵ ئەواندا باسم کردوە، نە ڕاستەوخۆ و نە ناڕاستەوخۆ و بەکینایە و هیچ ئەگەر و ئەممایەک، هیچ فشارێک لەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستان نەبووە. تەنانەت دەتوانم بڵێم کەم شوێن و لایەن هەر بەوەشیان زانیوە کە ئەو کەسانە لە لای حیزبی دێموکرات ڕاگیراون و حیزبی دێموکرات بۆخۆی لێپرسینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو پەروەندەیە دەکا. بەڵام کە کەیسەکە لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و دەزگای ئەمنییەتی ئێمەوە کاری تەواوی لەسەر کرا و بۆ بڕیارلەسەردان هاتە دەفتەری سیاسی، ئێمە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو تێبینییە سیاسی و حقووقییەکانی قانوونی دەوڵەتان و قانوونی نێودەوڵەتی و، هەروەها بۆ ئەوەی ئەو پەروەندەیە ئاکامێکی حقووقیی لێ بکەوێتەوە، بۆ ئەوەی حەق بە حەقدار بدرێ و، بۆ ئەوەی مەسئوولییەتی حقووقی و قانوونیی کارەکە بکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان کە جینایەتەکە لێرە کراوە، حیزبی دێموکرات بڕیاری دا ئەو کەسانە ڕادەستی دادگای هەرێمی کوردستان بکرێن.
ئێوە چاوەڕوانی بڕیاری دەزگای دادی هەرێم دەبن یان پلانی دیکەشتان هەیە؟
ئێمە بەڕوونی بەرنامەمان ئەوەیە کە ئەم پەروەندەیە بەنێودەوڵەتی بکەین و بۆ ئەوەش ماتریالی پێویستیمان هەیە. چونکی دەبینین کە وڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامی هاتوە بە سەختترین کەرەسەی ناباوی نیزامی، لە وڵاتێکی دیکەدا جینایەتی وەکوو ١٧ی خەرمانانی خوڵقاندوە. کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا، کەیس و خەتای کەم نییە، بۆیەشە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دەیەوێ لە شوێنی دیکەش بەدوویدا بڕوا. ئەو پەروەندەیە ئەگەر لە دادگایەکی حقووقی و ڕەسمیی هەرێمی کوردستاندا حوکمی شیاو و بارتەقای قورسیی جینایەتەکەی لەسەر بدرێ، بەو مانایە کە کۆماری ئیسلامی مەحکووم بە ئەنجامدانی تاوانەکە بکرێ و کەسانی بڕیاردەر بە ئێمە و بیروڕای گشتی بناسێندرێن و جیا لەوەش تاوانبارەکان بە سزای خۆیان بگەیەنن. بۆیە وەگەڕخستنی ئەو پەروەندەیە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا یارمەتی بە زیندووبوونی قەزیەکە دەکا. سروشتییە کە ئەو ڕەوتە لە هەرێمی کوردستان لەوانەیە ماوەیەک بخایەنێت، بەڵام لە نیهایەتدا، ئەم کەیسە کە لە دادگایەکدا حوکمی قانوونیی خۆی وەرگرت، ئەوکات دەستی حیزبی دێموکرات بۆ ئەوەی ئەو پەروەندەیە لە دادگای تاوانی وڵاتانی دیکەشدا وەگەڕ بخا ئاوەڵاتر دەبێ. هەر ئێستا دەبینین لە دادگاییکردنی حەمید نووری لە سوێد و ئەوەش کە لە بریتانیا لەژێر ناوی دادگای گەلیی ئابان بەڕێوە چوو؛ لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دەکۆڵدرێتەوە. ئەم ڕێژیمە لە کوردستان تاوانی زۆری خوڵقاندوە کە هەر کام لەوان و لەم دواییانەشدا مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات هەموویان بۆ ئەوە دەبن لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا بخرێنە گەڕ.
کۆماری ئیسلامی لەو ٤٣ ساڵەدا لە ئاستی ئێراندا جینایەتی زۆری کردوون، بەڵام لە کوردستان، بەنیسبەت هەمووی ئێران زۆر زیاتر. چون هەر لە ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕش و لە شەڕی سێ مانگەوە، کوردستان بە فتوای جیهادی خومەینی هێرشی کرایە سەر و شەڕێکی بەسەردا سەپا کە تا ئێستاش لە شکڵی جۆراوجۆردا درێژەی هەیە. لەو ماوەیەدا ڕێژیم زۆر جینایەتی لە کوردستان خوڵقاندوون کە بێگومان نایەوێ لە هیچ کوێ شتی لەسەر بگوترێ و بەڵگەی لەسەر پێشان بدرێ.
یانی لەبەر ئەوە بۆخۆتان تاوانبارەکانتان سزا نەدا؟
ئەمە زۆر گرینگە کە کەسێک دان بە تاوانەکەیدا دەنێ کە من مەئموور و ڕاسپێردراوی کۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆر و تەقینەوە و کاری تێکدەری و سیخوڕی بووم، یان ئەمن دەستم لە جینایەتێکدا هەبووە کە دەرحەق بە کۆمەڵێک تێکۆشەری سیاسی و بنەماڵەکانیان کراوە، بێ و لە دادگایەکدا بیڵێ و قەزیە و پرسێک لە دژی کۆماری ئیسلامی دروست بکا. ئێمە ڕێز بۆ هەست و ئیحساسی خەڵکی کوردستان دادەنێین کە بەشێکی زۆریان -وەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەردەکەوێ- پێیان خۆش بوو سزای شۆڕشگێڕانەیان لەسەر جێبەجێ بکەین. بەڵام دەفتەری سیاسیی حیزب لەگەڵ ڕێزی بۆ ئەو هەست و ئیحساسە، خوێندنەوەی ئەوە بوو کە وەگەڕکەوتنی لە دادگایەکی هەرێمی کوردستان و دادگای وڵاتانی دیکەدا زۆر زیاتر قازانجی بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات دەبێ.
کاک مستەفا بۆ خەڵک ئەوەش پرسیارە کە چۆن دەبێ پێشمەرگەیەک کە دوایە دەردەکەوێ سیخوڕ و نێردراوی ڕێژیمە، بە کات و شوێنی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بزانێ!
من ئەوەی دەیڵێم بۆ بەرگری نیە، بەڵام ڕووداوی لەم بابەتە نە یەکەمجارە لە حیزبدا ڕوو دەدا، نە لام وایە دواجاریش دەبێ، چونکی حیزبی دێموکراتی کوردستان هێزێکی سەرەکی لە خەباتی مافخوازیی کورد لەدژی کۆماری ئیسلامییە و کۆماری ئیسلامییش بەو زەرفییەتە زۆر و ئیمکاناتەی بۆ هەڕەشە و تەماحوەبەرنان لەبەردەستیدا هەن، بێگومان دەست لە دژایەتی و زەبروەشاندن لە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد هەڵناگرێ. کاری لە چەشنی سیخوڕی و تێکدەری تەنانەت لەنێو وڵاتانیشدا دەکرێ و ڕۆژ نیە شتێکی لەو بابەتە لە پێوەندیی نێوان دەوڵەتاندا نەبیستین. هەموو ئەوانە پێمان دەڵێ کە ئێمە دەبێ لەسەرهەستتر و دەقیقتر بین لە وەرگرتنی کەسەکان و کار پێئەسپاردنیان ئاگاداری وردی پیلانەکانی ڕێژیم بین.
کاک مستەفا شتێک کە حیزبی دێموکرات لە هەموو قۆناخەکاندا بەردەوام شانازیی پێوە کردوە، سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردان بوو. لەو ماوەیەدا و لە سۆنگەی ڕادەستکردنی ئەو دوو تاوانبارە، ئەو پڕەنسیپە هەندێ پرسیاری لەسەر دروست کرا. لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟
بەڕای من ئەوەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان، دێ بەنیسبەت کەیسێکی حقووقی، باسە حقووقییەکە دەدا بە دەزگایەکی حقووقی و یاسایی ئەوە ڕاست وەزیفەیەکی حقووقی و قانوونییە کە حیزبێکی سیاسی بەپرەنسیپ، حیزبێکی سیاسیی بەئەزموون و لێزان دەبێ بیکا و حیزبی دێموکرات ئەوەی کردوە. پاشان حیزبی دێموکراتی کوردستان، وەکوو ٣٠-٤٠ ساڵ لەوەپێش نییە بۆخۆی لە ناوچەیەکدا دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسای سزادانی گشتیی خۆی هەبێ. وەک عەرزم کردی بۆ ئەوە کاتی خۆی ڕێکارێکی خۆی هەبووە و گرتوویەتە بەر. بەڵام ئێستا لە وڵاتێکی دیکەیە و دەبێ پابەندی قانوونی ئەو وڵاتە بێ. بە ڕەچاوکردنی یاسای ئەو وڵاتەش ئەو حیزبە سەربەخۆیی بڕیاردان و سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لە دەست نادا. ئەو باسانەی لەو چەند ڕۆژەدا لە سۆسیال مێدیا سەبارەت بە ڕادەستکردنی ئەو دوو تاوانبارە کران لە خۆشەویستیی خەڵک بۆ حیزبەوە سەرچاوە دەگرێ و ئێمە ڕێز لەو هەست و ئیحساسە دەگرین کە پێیان وایە دەبوو ئەو دوو خائینە لەلایەن خۆمانەوە سزا درابان؛ بەڵام ئەو بڕیارەی ئێمە سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردانی حیزبی پێ خەوشدار نەبووە. بە درێژایی دەیان ساڵ تێکۆشانی حیزبی دێموکرات فەرهەنگێکی سیاسی لەم حیزبەدا دروست بووە کە کەس ناتوانێ ئەو سەربەخۆییە سیاسییەی لێ وەرگرێ.
جا ئەمجار با وردتر بێینە سەر باسی سەربەخۆیی سیاسی. سەربەخۆیی سیاسی یانی چی؟ یانی ئەوەی حیزبێکی سیاسی بۆخۆی دروشمی ستراتیژیکی خۆی بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسی، بە لێکدانەوەی خۆی دیاری دەکا. هەروەها حیزبێکی سیاسی بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسیی دۆخێک کە تێیدایە، جۆری خەباتی خۆی دەستنیشان دەکا و نیزامی ڕێکخراوەیی خۆی سازمان دەدا، پێوەندیی سیاسی، یاسایی و دەوڵەتی و نێودەوڵەتی خۆی بەو قاعیدە و قانوون و ڕێوشوێنانە کە هەیە دادەڕێژێ. ئەمە سروشتی حیزبی دێموکراتە. بەڵام ئەوەی کە دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات بڕیارێکی دیاریکراوی لەپێوەندی لەگەڵ ئەو دوو تاوانبارەدا داوە، بە هیچ وەسیلەیەک نە پێوەندیی بە سەربەخۆیی سیاسیی حیزبی دێموکراتەوە هەیە، نە بەوە سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردانی حیزبی دێموکرات خەوشدار بووە. لەو پێوەندییەدا ئێمە فەرموودەیەکی دوکتور قاسملوومان هەیە. دوکتور قاسملوو دەڵێ: “ئێمە پێمان خۆشە لەگەڵ هەموو کەس دۆستایەتی بکەین، بەڵام ئەگەر لەنێوان دۆستایەتی و لەدەستدانی سەربەخۆیی سیاسی یەکیان هەڵبژێرین، ئەوە بێ سێودوو سەربەخۆیی سیاسی هەڵدەبژێرین.” ئەوە لەجێی خۆی، بەڵام ئەمە چ پێوەندی بەوە داوە کە لە وڵاتێکی قانوونی تۆ بێی و باسێکی حقووقی بەریە بەردەم دەزگایەکی شەرعی و یاسایی ئەو وڵاتە؟ بۆیە ئەمن لاموایە لە ئەگەری پێچەوانەی ئەوەدا لەوانە بوو حیزبی دێموکرات زەرەری کردبا و هەندێ لێکەوتەی بە زیانی حیزب لێ شکابایەوە.
کاک مستەفا پێداگریی ئێوە لەسەر یاسا و سەروەریی هەرێمی کوردستان لەجێی خۆیدایە. بەڵام لەکاتی مووشەکبارانی حیزبدا ڕێژیم ڕێزی لەو سەروەرییە گرت؟ حکوومەتی هەرێم بۆخۆیان چەندە بە خەم ئەو سەروەرییە و پشتیوانی لە حیزبی دێموکراتەوە بوون؟
ڕوون و ئاشکرایە کە ئێمەش مولاحەزەمان لەسەر سیاسەتی هەرێمی کوردستان و مەوقعییەتی هەرێم هەیە، هەر کاتی مووشکبارانەکەش لە لێدوانی مەسئوولینی حیزبی دێموکرات بەنیسبەت ئەو سیاسەتە مولاحەزە و تێبینیمان هەبووە. بەڵام هەلومەرجێ ئەمنییەتی و سیاسی لە عیراق بەمجۆرەیە کە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری عێراق بەشێکە لەو وڵاتە و واقعییەت ئەوەیە دەستوەردانی وڵاتان و دەوڵەتان بە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆر لە عێڕاق زۆرە. یانی لە ناوەندی بەغداڕا تا دەگاتە سنوورەکانی، لە هەموو سنوورەکانی ئێران و تورکیە وەزعێکی تایبەت هەیە و ئەمەش کۆمەڵە مولاحەزە و تێبینییەکی هەم بۆ هەرێمی کوردستان و، هەم بۆ هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردوە. بۆیە مومکینە وەک ئێمە چاوەڕوانی دەکەین، نە وەختی مووشەکبارانەکە و نە لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی دیکەشدا، بەرپرسانی هەرێم بەو جۆرە نەهاتبنە سەر خەت یا بەو جۆرە کردەوەی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم نەکردبێ کە واجبە مەحکوومی کەن. ئەوە حەقیقەتێکە و ئێمە خۆی لێ نادزینەوە و دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەش سیاسەت و هەڵسوکەوتمان تەنزیم بکەین.
ئەگەر بە ئێمە بووایە دەکرا ئەوان لەو بارەیەوە ڕاستەوخۆ هاتبانە سەر خەت و تەوزیحیان وەرگرتبا، بەدواداچوونیان کردبا، تەنانەت سکاڵایان تۆمار کردبا، ئەوانە هەموو حەق و ڕەوان. بەڵام نەیانکردوە و خودی عێراقیش وەکوو دەوڵەتی مەرکەزی، ئەو مەوقعییەتەی بەوجۆرە نیە و هەرێمی کوردستانیش، بەتەبیعەتی حال لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدایە کە سەرەڕای کۆمەڵە شتێک ڕەنگبێ نەتوانێ بە دڵی خۆی یان بەپێی حوکمی خۆی بڕیار بدا. ئەوە مولاحەزەیەکە کە هەیە و بە ڕای من هەرێمی کوردستان لەبەرچاوی نەگرتوە. خۆ لە جەریانی زۆر کەیسی تێرۆری دەوڵەتی و نێودەوڵەتی کە کۆماری ئیسلامی لێرە کردوویەتی، لە دەرەوەی وڵات کردوونی، کۆماری ئیسلامی تێچوویەکی کەمی داوە. ئەوەی لە ئۆتریش بە نیسبەت تێرۆری دوکتور قاسملوو کرا، ئەوەی لە ژێنێف بەنیسبەت تێرۆری دوکتور کازم ڕەجەوی کرا، لە زۆر وڵاتی دیکە جیا لە پەروەندەی میکۆنووس و تێرۆری دوکتور سەعید، ئەوانی دیکە هەموویان زۆر و کەم مولاحەزاتی سیاسی، حقووقی و بازرگانی و پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران ڕەچاو کردوە. لەم بارەیەوە سەرنج و تێبینی زۆرن و ئێمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مولاحەزاتە دێین و حوکمی کۆتایی لەسەر کۆمەڵە کەیسێک دەدەین کە ئالۆزیی خۆی هەیە.
وەک دواپرسیار، ئەمن وا تێگەیشتم کە کەیسێکی ئێحساسیمان کردووەتە کەیسێکی یاسایی و بەربڵاو، بۆ ئەوەی دەسکەوتی سیاسیی پتری بۆ بزووتنەوەی کورد هەبێ.
ئەمن لە هەستی خەڵک، لەهەستی پیرۆزی کوڕی شەهیدێک، کچی شەهیدێک، برای شەهیدێک یان دۆستێک تێدەگەم و بە پیرۆزیشی دەزانم. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ڕێزی بۆ ئەو هەستە هەیە، بەڵام لە عەرزی واقع و، لەگەڵ واقعییات هەڵسوکەوت دەکا. حیزبی دێموکرات سیاسەتەکانی، قەرار و بڕیارەکانی دەبێ لەسەر ئەسڵی واقعبینی بێت. هەست و سۆز پیرۆزە، بەڵام مەرج نیە هەموو ئارزووەکانت بۆ بێنێتە دی.
سپاس کە کاتت بۆ ئەو دیمانەیە دانا.
ئێوەش ماندوو نەبن.