ئەمشەو لەدایک ئەبیت
بەرلەوەی گەڵا
مێژووی کۆتایی پاییز بنووسێتەوە
بەرلەوەی دار
بۆ هەواری بەهار حیکایەتی کۆچ بخوێنێتەوە
ئەمشەو لەدایک ئەبیت
بەرلەوەی هەنار
بۆ بەزمی شەوچەلە، خۆی بڕازێنێتەوە
بەر لەوەی سنجوو کراسی زەردی
بۆ درێژترین شەوی ساڵ بپۆشێ
ئەمشەو لەدایک ئەبێ
گۆلی ورمی شەپۆلەکانی نەرم و هێدی
ئەخاتە دەمی لێوار
مانگ بە پێکەنینی زێوینییەوە
مزگینی لە دایکبوونت ئەدا
بە بورج و قەڵای دمدم
ئەمشەو
ڕێبوارێکی ژن
لە شەقامێکی چراخانی نەمسدا
لە دوای بۆنی سێوێکی
لە دار بەجێماوی کوردستان دەگەڕێ
بەڵکوو
لە جەژنی لەدایکبوونتدا
پێشکەش بە “بابانۆئیلی” بکا
چ مەزنانە لەدایک ئەبی
ئەمشەو هەموو ئەستێرە چاوزێوینەکان
دەسلەملانی ئەو مانگەشەوەن
کە مناڵەکانی کۆڵان
خەون بەکۆلکەزێڕینەوە ئەبینن
ئەمشەو لەدایک ئەبیت
وەک چڕۆ
وەک گوڵەهەنار
وەک چۆن ڕووبار لەدایک ئەبێ و
گوڵەگەنم ئاو دەخواتەوە
ئەمشەو لەدایک ئەبیت و تەنیا نیت
ئاشتی و ئازادی
دوانەی دانەبڕاوی ژیانتن
لەگەڵتا گەورە دەبن
وەک “کوردستان”
شوێن هەنگاوی ماندووت دێ بە دێ و شار بە شار
دەگرنەبەر
شەوێک لە چیا میوانن و
ڕۆژێک لە شەقامەکانی ئورووپا
ئەمشەو یەڵدایە
شەو؛
قژی چرکەو خولەکە و کاتژمێرەکانی
دێژ و درێژتر دەهۆنێتەوە
بۆ شان و ملی لووتکەی چیاکان
هەتا بەر لەوەی کازیوەی بەیان
بەرزاییەکان بەئەنگێوێ
دار و دەوەن لە خەوڕابنەوە
بێشکەی مێژووی پڕلە شانازی مێژوو ڕاژەنن
کە کۆڕێک لە ڕەچەڵەی
خەونە پیرۆزەکانی زاگڕۆس
لەدایک بووە و
پێنووسکەی هەورە تریشقە و
چارەنووسی کورد دەنووسێتەوە