میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ئۆردوگای ئاوارەکان و پەنابەرانیان لە ناوچەی” ئەلعەنان و ئەلشەعف” لە پارێزگای ئەلجووف بە چەکی قورس گولـلەباران کردووە.
موعین عەبدولمەلک، سەرۆکوەزیرانی یەمەن، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ باڵوێزی ٥ وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی شۆرای ئەمنییەت لە ڕیاز وتی: میلیشیا حووسییەکانی یەمەن و ڕێژیمی ئێران کە ڕاستەوخۆ بڕیاری هێرش بە میلیشیاکانی یەمەن دەدات، نایانهەوێت ئاسایش و ئاشتی لە یەمەن دەستەبەر بکرێ و هیچکات خوازیاری ئاشتی لەو وڵاتە نەبوونە.
لەم چاوپێکەوتنەدا باڵوێزی ٥ وڵاتی بەشدار جەختیان لەسەر هیرشی میلیشا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆسەر پارێزگای مەرئەب وهەروەها هێرشی ئەو گرووپە میلیشیایە بۆسەر ناوەندە گشتیی و مەدەنییەکانی عەرەبستانیان کردەوە و ڕایانگەیاند کە میلیشیا حووسییەکان سەرەڕای داواکاریی نێونەتەوەیی لەهەمبەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی ئاشتییانەوە، بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆسەر خەڵکی مەدەنی.
هەر لەم پێوەندییەدا سەرۆکوەزیرانی یەمەن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەوڵەتی یاساییی یەمەن ڕێز لە بڕیاری شۆرای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی لەهەمبەر ئاشتی و وتووێژ لەگەڵ میلیشیا حووسییەکان و چارەسەری کێشەکان لە ڕێگەی ئاشتیانەوە دەگرێ و بەردەوامە لە هەوڵەکانی، بەڵام ئەوەیکە ڕوون و ئاشکرایە میلیشیا حووسییەکان بە بڕیاری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە تاران نایانهەوێت لە ڕێگەی دانیشتن و وتووێژەوە کێشەکان چارەسەر بکەن و بەردەوامن لە هێرش بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی.
جێگای ئاماژەیە کە لە کاتێکدا دەوڵەتی یاساییی یەمەن لەگەڵ ٥ وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی لە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان خەریکی ڕاوێژ و دۆزینەوەی رێگە چارەیەکی ئاشتییانەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە یەمەن، میلیشیا حووسییەکانی سەر بە رێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ئۆردوگای ئاوارەکان و پەنابەرانیان لە ناوچەی” ئەلعەنان و ئەلشەعف” لە پارێزگای ئەلجووف بە چەکی قورس گولـلەباران کردووە.