هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی بەلووچستان و لە شاری زاهیدان ماڵی کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی بەلووچیان ڕووخاندووە.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی بەلووچستان و تەقەیان لە خەڵک کردووە، بەتایبەت لە شاری زاهێدان و لە ناوچەی “شیرئاباد”ی ئەو شارە بە لۆدێر و بۆڵدیزێر ماڵی چەند هاووڵاتییەکیان ڕووخاندووە.
کەمپەینی چالاکنی بەلووچ، لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە ئەو هێرشانەی هێزە داگیرکەر و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی وێرانکردن و کاولکردنی ماڵی هاووڵاتییانی بەلووچ بوو و هێزە چەکدارەکانی ئەو ڕێژیمە تەقەیان لەو هاوڵاتییانەش کردووە کە لەسەر ئەو تاوان و کاولکارییەی هێزەکانی ڕێژیم ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و دوو کەس بریندار بوون و باری تەندروستییان باش نییە.
حەبیبوڵا سەرباز، سکرتێری گشتیی حیزبی “بەلووچستان ڕاجی تەپاکی”، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە ڕایگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران لەو تاوانە نامرۆڤانەیەی کە لە بەلووچستانی ڕۆژاوا بەڕێوەی دەبات و مەبەست لەو کاولکارییانەی ڕێژیم، پاکتاوکردنی نەتەوەییی گەلی بەلووچە لە هەرێمی بەلووچستان لە وڵاتی ئێراندا.