سەرۆکى پێشووى دەستەى هەواڵگریی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە ئۆپەراسیۆنی لەنێوبردنى فەرماندەى پێشووى سپای قودسی پاسدارانى کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی هەبووە.
تامیر هایمان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری ناوەندی کلتووری هەواڵگریی (مابات مالام) ڕایگەیاند کە لەماوەى بەڕێوەبردنى پۆستەکەى، دوو پڕۆسەى لەنێوبردن بەڕێوە چوون، یەکەمیان کوشتنى قاسم سولەیمانى، فەرماندەى تێرۆریستى سپای قودس و دووهەمیان “بەها ئەبوعەتا” فەرماندەى بزووتنەوەى جیهادی ئیسلامی فەلەستین لە ساڵی ٢٠١٩دا بووە.
ناوبراو جەختى لەوەش کردەوە کە “هەواڵگری ئیسرائیلی چەندین پیلانگێری جۆراجۆری پووچەڵ کردووەتەوە، تەنانەت ڕێگریشی کردووە لە گواستنەوەى پارە و چەکدارانى کۆمارى ئیسلامى، بۆ ئەوەى ڕێگری لە جێگیرکردنى چەکدارانى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى لە سووریە بکەن”.
شایانی باسە کە لە هێرشێکی هاوبەشدا بەرەبەیانیى ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ساڵی ٩٨ی هەتاوی، لە ڕێگەى فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى ئامریکایی، قاسم سولەیمانی فەرماندەى سپاى قودس و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکى گرووپی حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا کرانە ئامانج.