چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە نێوخۆی وڵات بە مەبەستی مەحکوومکردنی جینایەتی ڕێژیمی ئاخوندی لە پێوەندی لەگەڵ لەسێداردانی شەهید “حەیدەر قوربانی”، بانگەوازی مانگرتنی گشتییان بڵاو کردەوە.
بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی، ئەدەبی و ژینگەپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی بە مەبەستی شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانی شەهید “حەیدەر قوربانی” لەلایەن ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندی بانگەوازێکیان ڕوو بە خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان بڵاو کردەوە.
لەو بانگەوازەدا لەژێر دروشمی ” کوردستان لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی خۆی شەرمەزار دەکات” ، داوای یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان بۆ ئەو هەڵمەتە کراوە.
جێی ئاماژەیە کە لەو بانگەوازەدا داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۲ی بەفرانبار بە بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی خاوەندارێتی لە ئاوات و ئامانجی شەهید “حەیدر قوربانی” بکەن و بەو شێوەیە بۆ جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە پیشان بدرێتەوە کە ڕێژیمی ئاخوندی لە کوردستاندا هیچکات ڕەوایەتی نییە.