هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لە پارێزگای کرماشان دەستیان بەسەر ١٣٨ ئاسەواری مێژووییدا گرت.
حوسێن مێهری، فەرماندەی یەکەی پاراستنی وەزارەتی ئاسەوارە میژووییەکانی ئێران وتوویەتی: “دەستمان بەسەر ١٣٨ ئاسەواری مێژوویی لە پارێزگای کرماشاندا گرتووە کە بۆ هەزار ساڵ پێش زایین، سەردەمەکانی ساسانی و ئیسلام دەگەڕێنەوە”.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کردووە: “لەلایەن پارێزەرانی ئاسەوارە مێژووییەکانەوە و لە کاتی کڕین و فرۆشتنیان لە دووکانێکدا ئاگادار کراینەوە و کەسانی پێوەندیدارمان دەسبەسەر کردووە”.
ناوبراو لە درێژەدا زیادی کردووە کە ئەو ئاسەوارانە پێکهاتبوون لە ١٣٨ دانە، لەوانە “سکە، دەرزیلە، ملوانکە و ئەنگوستیلە”.
ئەو شانۆگەرییانەی مۆرەکانی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، دامودەزگاکانی ڕێژیم بە ھاوکاری دەستوپێوەندییەکانیان لە کوردستان کە زۆرینەیان سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسدارانن، بە بیانووی جۆراوجۆر، سەرقاڵی دزین و دەرھێنانی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانن.
جێی ئاماژەیە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی سیستماتیک، هاوشێوەی دزینی هەموو سەرچاوەکانی داهات لە کوردستاندا، سەرقاڵی بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانیشە و تا ئێستا چەندین هەزار پارچەی گرانبەها لەم ئاسەوارانە کە نوێنگەی کولتوور و شارستانییەتی کوردستانە، بە تاڵان براون.