بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی مەهاباد کە دوو دەیەیە بەبێ یەک ڕۆژ مافی مەرەخەسی لە بەندیخانە ڕاگیراوە، پاش ئەوەی داوای مافی مەرەخەسی کردووە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازراوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، خالید فەرەیدوونی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە و ماوەی ٢١ ساڵە لە مافی مەرەخەسی بێبەشە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی بەندیخانەی ورمێوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گوازراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ورمێوە، خالید فەرەیدوونی نامەیەکی ڕوو بە ئیدارەی ئیتلاعات نووسیوە و داوای کردووە ئازاد بکرێت یان لانیکەم مافی مەرەخەسی پێ بدرێت و ئەوانیش لە وڵامدا وتوویانە: “تۆ تۆمەتباری یەکەمی پەروەندەکەیت و سزاکەت بەندکرانی هەتاهەتایی، کەوابوو نە ئازاد دەکرێی و نە مافی مەرەخەسیت پێ دەدرێ.”
ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە وڵامی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی مانی لەخواردن گرتووە و بە فەرمانی “بەخشی” بەرپرسی بەندیخانەی ورمێ بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گوازراوەتەوە.
خالید فەرەیدوونی لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە کە لە ڕێکەوتی ١٠ خەرمانانی ١٣٨٠ی هەتاوی لە یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار کەوتنە کەمینی هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسدارانەوە و وێڕای هاوڕێیەکی دیکەی دەسبەسەر کران.
ئەم دوو کەسە لەکاتی دەسبەسەرکرانیانەوە لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و مەهاباد بە شێوەیەکی بێبەزەییانە کەوتوونەتە ژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و لەماوەی ٢١ ساڵی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی پیرانشار، مەهاباد، ڕەجایی شەهری کەرەج و ورمێ ڕاگیراون.