وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی دەرکردنی “حەسەن ئیرلوو” نێردراوی ئێران لە یەمەن، ڕایگەیاند کە ناوبراو بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە گوازراوەتەوە بۆ عێراق.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە گەڕانەوەی نێردراوی ئێران لە یەمەن ڕایگەیاند کە ناوبراو ئیستاش نێردراو و باڵوێزی ئیران لە “سەنعا”یە و بەهۆی کێشەی پزیشکیی و تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گوزراوەتەوە بۆ وڵاتی عێراق و پاش چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی یەمەن.
جێگای ئاماژەیە کە ڕۆژنامەی “وال ئیستریت ژۆرناڵ” چەند ڕۆژ پێش لە ڕاپۆرتێکدا بلاویکردەوە کە میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە یەمەن داوای دەرکردنی “حەسەن ئیرلوو” یەکێک لە فەرماندەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران کە وەکوو باڵوێزی ڕێژیم لە یەمەن دیاری کراوە، دەکەن و لەم پێوەندییەشدا بەڵێنیان بە بەرپرسانی عەرەبستانی سعوودی داوە کە ئەو باڵوێزە تێرۆریستەی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن دەردەکەن.
لە بەشێک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەرپرسێکی وڵاتی عەرەبستانی سعوودی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکات، وتوویەتی: “ئەم هەنگاوەی حووسییەکانی یەمەن دەتوانیت ناکۆکی و ئاڵۆزی لەنێوان ئەو گرووپە میلیشیایە و ڕێژیمی ئێران دروست بکات”. بەرپرسێکی تری عەرەبستان هەر بەم بۆنەوە ڕایگەیاندووە کە “حەسەن ئیرلوو” هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزی و گرفتارییەکانی یەمەن و بەتایبەت کێشەی سیاسی و گوشار بۆسەر گرووپی حووسییەکانیشە.
ئەو فەرماندە تێرۆریستەی سپای پاسداران لە ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە شێوەیەکی نایاسایی و بە قاچاخ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە نێردراوەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان لە یەمەن و ئەرکی سەرەکیی “ئیرلوو” پێوەندیی نێوان حووسییەکان و حیزبوڵای لوبنان و ڕێژیمی ئێران بووە و زۆر جاریش دەوڵەتی یاسایی یەمەن ناڕەزایەتیی لەسەر کردەوەکانی ئەو فەرماندەیەی سپای تێرۆریستیی پاسداران دەربڕیوە.