سەعید خەتیبزادە، بە ڕەتکردنەوەی قسەکانی جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەهەمبەر وتووێژ لەگەڵ ئێران وتی: ئێران هیچ جۆرە وتووێژێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا لە ڤییەندا نەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی هەرجۆرە وتووێژێک لەگەڵ ئەمریکا وتی: پەیامەکان لەنێوان ئێران وئەمریکا لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لە ڕێگەی ئێنریکە مۆرا ڕێکخەری کاروباری یەکیەتیی ئورووپا بە یەکتر گەیێندراوە.
ناوبراو لە درێژەدا لەسەر ئاکامی دەوری حەوتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: ئێمە پێشنیارەکان و داواکارییەکانمان پێشکەش بە وڵاتانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکان کردووە و هیوادارین بە خێراترین کات ئەمریکا گەمارۆکانی سەر ئێران لاببا و پێبەند بێ بە بەڵێنە ناوکییەکانی.
جێگای ئاماژەیە کە پاش کۆتایی بێئاکامی دەوری حەوتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، سێ وڵاتی ئورووپایی لە چەند بەیاننامەدا چالاکییە ناوکییەکانی تارانیان بە هەڕەشە بەدژی ئاسایش وسەقامگیریی جیهانیی ناوبرد و ڕایانگەیاند کە بڕیاری ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر ڕاوەستانی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن زۆری نیگەران و بێهیوا کردووین.