بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، سەرەڕای ئاماژە بە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی وتی: ڕێژیمی ئێران، هیچ شتێکی نوێی لە وتووێژە ناوکییەکان نییە و دەبێ ئیستراتیژی کات بەفیڕۆدانی ڕێژیمی ئێران کۆتایی پێبهێندرێت.
بێنی گانتس، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی بەرگریی و پێوەندییەکانی دەرەوە وتی: ڕێژیمی ئێران لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن زۆر لاواز دەرکەوتووە و تەنیا دەیهەوێت کات بە فیڕۆ بدات و ئەگەر زلهێزە جیهانییەکان کۆدەنگ بن بەدژی ڕێژیمی ئێران، دەتوانن چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران و هەوڵە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا ڕابوەستێنن.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە درێژەدا بە ئاماژە بە بارودۆخی خراپی نێوخۆیی ڕێژیمی ئێران وتی: ڕێژیمی ئێران زلهێزێکی جیهانیی نییە و هاووڵاتییانی ئێران لە خراپترین بارودۆخی ئابووریدان و سەرەڕای هەمووی ئەوانە لە ئێستادا ڕێژیمی ئێران تووشی کێشەی گەورە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بووە و ئێستا گونجاوترین کاتە بۆ ئەوەیکە لەلایەن زلهێزە جیهانییەکانەوە، سنوورێک بۆ دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران دیاری بکرێ.