لە درێژەی کار و چالاکیی تەبلیغیی بەبۆنەی ۲٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری سەقز و هەروەها ناوچەی لەیلاخ بە شێوەیەکی بەرفراوان چالاکیی تەبلیغییان بەڕیوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پئشمەرگەی کوردستان، لە ئاواییەکانی سەیان، کەژیکەران، سەراوشارەک سەروو، سەراوشارەک خواروو لە ناوچەی لەیلاخ، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە شێوەیەکی بەربڵاو بە تراکت و دروشمی تایبەت بەو ڕۆژە پیرۆزە، ئەو گوندانەیان ڕازاندەوە و یادی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەیان بەرز ڕاگرت.
هەروەها دڵسۆزانی دێموکرات لە شاری سەقز بۆ چەندمین جار لە تەکیەی خەلیفە سۆهەیل و مەیدانی هەڵۆ، دروشم و تراکتی حیزبییان بڵاو کردۆتەوە و لەگەڵ ڕێبوارانی ڕێگای شەهیدانی دێموکرات پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.
ڕۆڵە چاونەترسەکانی ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی لەیلاخ و شاری سەقز، سەرەڕای هەڕەشەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان بە چالاکیی تەبلیغیی ئەو ڕۆژەیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان پیرۆز کرد.