گرانی لە بازاڕەکانی وڵاتی ئێراندا ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتەی تاڵ کردووە و تێچووی شەوچلە بۆ بنەماڵەکانی پێنج کەسی، گەیشتووەتە بە نزیک بە یەک میلیۆن تمەنی ئێرانی.
سەرەڕای ئەوەی کە هەڵاوسانی ئابووری لە وڵاتی ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە هەڵکشانە و گرانی بە تەواوەتی باڵی بەسەر بازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا کێشاوە، بەڵام لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆژە تایبەتەکاندا گرانییەکان لە بازاڕەکاندا چەند بەرانبەر زیاتر دەبن و ئەمەش وێرای ئەوەی کە ژیانی لە خەڵکی ئەو وڵاتە تاڵ کردووە، بەڕێوەبردنی بۆنە کۆمەڵایەتییەکانیشی بۆ بنەماڵەکان دژوار و نەلواو کردووە، هەنووکەش کە لە شەوچلەی ئەمساڵ نزیک دەبینەوە، گرانی لە بازاڕەکان بەڕێوەبردنی شەوچلەی لە بنەماڵەکانی ئەو وڵاتە تاڵ کردووە.
داڕمان و هەڵاوسانی ئابووریی وڵاتی ئێران و گرانیی بازاڕەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەگەر لە شەوچلەی ئەمساڵدا بنەماڵەیەکی پێنج کەسی ڕێوڕەسمێکی سادە بەڕیوە ببەن و سفرەیەکی ڕازاوەشیان نەبێت، لانیکەم زیاتر لە ٨٠٠ هەزار تاکوو یەک میلیۆن تمەنی ئێرانی پێویستە، واتە یەک لەسەر چواری داهاتی مانگانەی کرێکارێکی سادە لەو وڵاتە.
بەپێی لێدوانێکی “مستەفا دارایینەژاد”، سەرۆکی یەکیەتیی بارفرۆشانی تاران، ئەمساڵ نرخی مێوەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا شەست تاکوو حەفتا لەسەد بەرز بووەتەوە و هێشتاش ڕوو لە هەڵکشانە، هەروەها فرۆشی مێوە لە بازاڕەکانیشدا کەم بووەتەوە و لە ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، تواناییی خەڵکی وڵاتی ئێران بۆ کڕینی مێوە سی تاکوو چل لەسەد دابەزیوە.