ئەمریکا لە دوایین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە هەوڵە دژەتێرۆریستییەکانی، ڕێژیمی ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە بەردەوامە لە پاڵپشتی و پشتیوانیکردن لە ڕێبەرانی ئەلقاعیدە و داعش و ئاماژەی بەوە کردووە کە: “حیزبوڵای لوبنان مەترسیدارترین شەریکی تێرۆریستیی ئەو ڕێژیمەیە”.
ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆریزم لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بڵاو کردەوە، لەو ڕاپۆرتەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوە کە ڕێژیمی ئێران بەردەوام بووە لە پشتیوانیکردن لە کردەوە تێرۆریستییەکان لەسەر ئاستی ناوچە و جیهان لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا.
لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو ناوەندە هەنگاوی گرینگی بەدژی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان، بەتایبەت داعش و ئەلقاعیدە ناوەتەوە، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقا خەریکی پەرەپێدان بە کردەوەی تێرۆریستین.
لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە ئاستی ناوچەکەدا، ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە گرووپە میلیشیایییەکان لە بەحرین، عێراق، لوبنان، سووریە و یەمەن و بە تایبەتی حیزبوڵا و حەماس کردووە، هوکات ڕێبەرانی پلەبەرزی ئەلقاعیدە هەروا لە ئێران نیشتەجێن و لە وڵاتی ئێرانەوە خەریکی پلانداڕشتن بۆ پەرەپێدان بە کردەوە تێرۆریستییەکانیانن.