خەڵکی شاری کامیاران بەبۆنەی لەسێدارەدانی شەهید حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی کورد، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، شەهید حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسیی کورد، پاش پێنج ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە شاری سنە، بەبێ ئەوەی کە مافی دواهەمین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبێت، بە نهێنی لەسێدارە درا و داوتر بە بێدەنگی تەرمەکەیان لە گۆڕستانی “بەهشەت محەمەدەیـ”ـی شاری سنە ناشت.
سەرەڕای ئەوەی کە خەڵکی کوردستان بە حزووری و لە ڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەمالەی شەهید حەیدەر دەربڕیوە، لە کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانیی ئەو ڕۆژەدا خەڵکی شاری کامیاران لەگەڵ بنەماڵەی حەیدەر قوربانی هاوخەمییان دەربڕیوە و سەرەڕای گوشار و هەڕەشەکانی هێزە سەرکوتکەر و دژەگەلییەکانی ئیتلاعاتی ڕیژیمی ئێران لەو شارە، لە پێش ماڵی شەهید حەیدەر بە دروشمی “شەهید نامرێ” ناڕەزایەتییان لەسەر ئەو کارە نامرۆڤانەیەی ڕێژیم دەربڕیوە.
شایانی باسە کە باوکی شەهید حەیدەر، بە ناوی “عەلی قوربانی”، سەرپەل لە هێزی “بیستوونـ”ـی حیزبی دێموکرات بووە کە لە ١٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاو، لە شەڕ لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئاخوندی، لە گوندی شایەنیی سەر بە شاری کامیاران تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی نیشتمان بوو.
هەروەها ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای ئیدانەکردنی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیەی ڕێژیم، هاوخەمی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی شەهید حەیدەر قوربانی و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەربڕی و داوای لە خەڵکی کوردستان، نەتەوە ستەملێکراوەکان و ئازادیخوازانی ئێران و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستە نێودەوڵەتییەکان کرد کە لە بەرانبەر ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی ڕێژیم بێدەنگ نەبن و بە هەڵوێستی شیاو و یەکگرتوویی لە بەرانبەر سیاسەتە دژەمرۆییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، تێچووی درێژەدانی ئەو سیاسەتانە بۆ ڕێژێم ببەنە سەر و ڕێگە نەدەن ئەو ڕێژیمە تاوانکارە لەوە زیاتر، لاوازیی هەڵوێستەکانی ئەوان وەکوو دەرفەتێک بۆ درێژەدانی تاوانەکانی دژ بە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە کار بهێنێت.