لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ وگەندەڵی ئاخوندی، ڕۆژی ڕابردوو ١٨ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی بەرپرسانی گەندەڵ و دەسەڵاتی سەرەڕۆی ڕێژیمی ئێران ١٨ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارە جیاجیاکانی ئێران بەڕێوە چوو.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە ماڵدزراوانی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیی کریپتولەند لەبەردەم بینای دەزگای قەزایی لە تاران، شوفێران و کرێکارانی شارەوانیی تاران لەبەردەم بینای شارەوانی و شۆرای شاری تاران، کۆمەڵێک لە ماڵدزراوانی دوو کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ماشینی ڕیگان خودڕەو و شەهر خودڕەو لەبەردەم بینای کۆمپانیاکە لە تاران، فەرهەنگیان و مامۆستایانی شارەکانی خوڕەمئاباد، ئیسفەهان، جوانڕۆ، لوڕدگان، مەریوان، ڕامهۆرمۆز و ساری لەبەردەم بینای پەروەردە و بارهێنانی شارەکانیان، خانەنشینکراوانی سەندووقی خانەنشینی پۆڵا لە پارێزگاکانی ئیسفەهان وخووزستان لەبەردەم بینای دەفتەری سەندووقی خانەنشینی پارێزگاکان، خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی خوڕەمئاباد، ئەراک و کرماشان لەبەردەم بینای ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان و ئەندامانی هەیئەتی زانستیی زانکۆی پەیامی نوور لە شێراز لەبەردەم زانکۆکە بەڕێوە چوو.