نەبوونی دەرمان لە ئێراندا کێشە و گرفتی بۆ خەڵکی وڵات دروست کردووە.
سەرەڕای ئەوەی کە دەرمان گرنگترین پێداویستیی خەڵکە و دابینکردنیشی ئەرکی سەرەکیی بەرپرسان و کاربەدەستانی وڵاتە، نەبوونی دەرمان لە وڵاتی ئێراندا کێشە و گرفتی جیددی و مەترسیداری بۆ خەڵکی ئێران و هاووڵاتییانی کەمداهاتی ئەو وڵاتە دروست کردووە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش ئەم کێشەیەیان بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ڕێژیم بەستووەتەوە وهیچ بایەخ و گرنگییەک بە چارەسەرکردنی ئەو کێشە مەترسیدار و جیددییە نادەن.
لەم پێوەندییەدا “حەمید محەممەدی”، بەرپرسی گشتیی کاروباری دەرمانیی سەر بە ڕێکخراوی دەرمان و خۆراکی ڕێژیمی ئێران، بە هەواڵدەریی “ئیسنا”ی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر دەوڵەت تاکوو کۆتاییی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، کێشەی دەرمان چارەسەر نەکات و هەوڵ بۆ دابینکردنی دەرمان نەدات، ئێران ڕووبەڕووی کێشەی مەترسیدارتر دەبێت و زیاتر لە ٥٠٠ جۆر دەرمان لە ئێراندا نابێت.
وێڕای نەبوونی دەرمان و بێبایەخی بەرپرسانی ڕێژیم، نرخی ئەو کۆمەڵە دەرمانە سەرەتایییەی کە لە دەرمانخانە و نەخۆشخانەکاندا هەیە، بە نرخێکی گران بە خەڵک دەفرۆشرێتەوە و خەڵکی کەمداهاتیش بە هۆکاری قەیرانەکان و بەتایبەت بێکاری و گرانیەکان، توانایی کڕینی دەرمانیان نییە و ئەمەش کێشەی زۆر مەترسیدارتری بۆ خەڵک دروست کردووە.
جێی ئاماژەیە کە لە کاتێکدا لە زۆربەی وڵاتاندا دابینکردنی دەرمان و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی خەڵک لە ئەستۆی دەوڵەتە، لە ئێراندا بەپێچەوانەی سەرجەم وڵاتانی جیهان، بەرپرسانی ڕێژیم بۆ چارەسەرکردنی سەرەتاییترین بەخۆشییەکانی خۆیان و منداڵەکانیان پەنا بۆ وڵاتانی ڕۆژاوایی دەبەن و بە داهات و سامانی خەڵکی ئەو وڵاتەوە چارەسەریی خۆیان دەکەن.