هێرشە ئاسمانییەکانی هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆسەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای مەرئەب بوو بەهۆی کوژرانی ١٠٠ کەس لە میلیشیا حووسییەکان و تێکشکاندنی ١٤ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپە میلیشیایە.
هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٩ هێرشی ئاسمانییان کردۆتە سەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕیژیمی ئێران لە پارێزگای مەرئەب و لە ئاکامدا ١٠٠ میلیشیای حووسی کوژراون و ١٤ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپە میلیشیایە بە تەواوەتی تێکشکاوە.
شایانی باسە کە هاوپەیمانیی عەرەبی، لە هێرشێکی هاوشێوەدا ڕۆژی شەممە لە پارێزگای ئەلجووف ٨٠ میلیشیای حووسی کوشتووە و ١١ ماشینی سەربازیی ئەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی تێکشکاندووە.
هەر لەم پێوەندییەدا سەرچاوە سەربازییەکانی نزیک لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی هێزی هاوپەیمان بۆسەر میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، میلیشیا حووسییەکان بە ناچار مۆڵگەکانیان لە ناوچەی ڕەمڵە سەر بە پارێزگای مەرئەب بەجێهێشتووە و پاشەکشەیان کردووە.