وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران ڕایگەیاند کە ئێران، لێکۆڵینەوە فەننی و ئەمنییەتییەکانی پێوەندیدار بە کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە دامەزراوەی ناوکیی کەرەج دەست پێکردووە.
بێهرووز کەماڵوەندی، وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە هەواڵدەریی” نوور نیوز”ی ڕاگەیاندووە کە تاران بۆ دانانی کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانسی نێونەتوەیی وزەی ناوکیی سێ مەرجی دیاری کردووە کە بریتین لە:
١_ لێکۆڵینەوەی قەزایی وئەمنییەتی لەهەمبەر هێرشەکانی پێشوو بۆسەر دامەزراوەی ناوکیی کەرەج کە ڕێژیمی ئێران دەڵێ: ئیسرائیل هێرشی کردۆتە سەر دامەزراوە ناوکییەکەی کەرەج
٢_ مەحکوومکردنی ئەو هێرشانە لەلایەن ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەوە
٣_ لێکۆڵینەوەی فەننی و ئەمنییەتی لە کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانس پێش لە دامەزراندنیان لە دامەزراوەی ناوکیی کەرەج.
ناوبراو لە دڕێژەدا دەڵێ: پێشتر هێرشەکان بۆسەر دامەزراوەی ناوکیی کەرەج لە رێگەی دزەکردن بە سیستمی کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانس بووە و دەبێ ئێمە هەموو لێکۆڵینەوەیەک لەو کامێرایانە بکەین و ئەو کات ئیزن دەدەین کە کامێراکان لە دامەزراوەی ناوکیی کەرەج دابندرێن.
لەلایەکی دیکەوە، ڕافائێل گڕووسی، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزە لە کاردانەوە بە مەرجەکانی ڕێژیمی ئێران هەموو ئیدیعاکانی ڕێژیمی ئێرانی لەهەمبەر دزەکردنی ئیسرائیل و دەستپێڕاگەیشتنی ئیسرائیل بە کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانس ڕەت کردەوە و وتی: ئەو کامێرایانە بەشی بەڕێکەریان نییە و هیچ وڵاتێک بێجگە لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە ناتوانێ چاوەدێری کامێراکانی ئاژانس بکات.