٤٦ کەس لە بەندکراونی سیاسی و مەزهەبیی ڕاگیراو لە بەندی سیاسیی بەندیخانەی ورمێ ماوەی ٧ ڕۆژە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری گواستنەوەیان بۆ بەندێکی نوێ، مانیان لە خواردن گرتووە.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، مانگرتنی سەرجەم بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبیی ڕاگیراو لە بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، لە حەفتەمین ڕۆژی خۆیدا بەردەوامە و بەندکراوەکان لە وەرگرتنی خواردن خۆیان بوارد.
ئەم ٤٦ بەندکراوە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە بڕیاری بەرپرسی بەندیخانە لەسەر گواستنەوەی بەندکراوانی سیاسی بۆ بەندێکی نوێ کە بەندێکی ئەمنییە و پێداویستی کەمتری لە بەندی ئێستایان هەیە، مانیان لە خواردن گرتووە.
جێگای ئاماژەیە کە دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی “کەیهان موکەڕەم و نایب حاجیزاده” بۆ ژووری تاکەکەسیی گوازراونەتەوە و باقیی بەندکراوەکان هێشتا لە بەندی سیاسی لە مانگرتنی خۆیان بەردەوامن.
بە وتەی بنەمالەی یەکێک لەو بەندکراوانە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ دوو جار چوونەتە ناو بەندی سیاسی و داوایان لە مانگرتووان کردووە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن و جەختیشی کردووەتەوە کە بۆ بەندی نوێ دەگوازێنەوە.
ئەو بەندە نوێیەی کە بڕیارە بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی هەتا سەرەتای ٢٠٢٢ بۆ ئەوێ بگوازرێنەوە بە تەواوەتی ئەمنییە و پەیوەندی بەندکراوانی سیاسی لەگەڵ بەندکراوانی بەندەکانی دیکە بە تەواوەتی دەپچڕێ و پیداویستی کەمتری هەیە و چووکەتریشە.
ئەو بەندە دوو نۆهەمە کە نۆهەمی یەکەم بۆ بەندکرانی سیاسی و مەزهەبی و نۆهەمی دووهەم بۆ بەندکراوانی دادگای سەربازی تەرخان کراوە.