گرووپێكی جۆراوجۆری كارناسانی باڵای سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا پێكهاتوو له ئه‌ندامانی پێشووی كۆنگره، باڵوێزه‌کانی پێشوو، دیپڵۆماته خانه‌نشینه‌كان، سهرۆكو به‌ڕێوه‌به‌رانی بنیاته ناحوكمییه‌كان، بیرمه‌ندان، نووسه‌ران و سیما ناسراوه‌كانی زانكۆکانی ئه‌مریکا له نامه‌یه‌كی سه‌رئاواڵادا بۆ به‌ربژێره‌كانی سه‌ركۆماریی ئا‌مریكا، داوایان كردوه كه پێبه‌ند به‌وه بن ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژێردران، یارمه‌تی به‌ربڵاو به دێموكراسی‌و مافی مرۆڤ له جیهان بنه‌مای سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان بێ.
له نێو ١٣٩ که‌س که ئه‌م نامه‌یه‌یان ئیمزا کردوه، ناوی فرانسیس فوكویاما، نووسه‌ر، مامۆستای زانكۆ و بیرمه‌ندی سیاسی؛ نیكۆلاس برێنز، جێگری پێشووی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه؛ زه‌ڵمای خه‌لیل زاد، باڵوێزی پێشوو له ئه‌فغانستان عێراق‌و ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان؛ ئالیوت كۆهه‌ن، ڕاوێژكاری پێشووی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا؛ ئالیووت ئارامز، جێگری پێشووی مافه‌كانی مرۆڤ‌و كاروباری مرۆڤدۆستانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه؛ برایان ئاتوود، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی USAID؛ ئێلیزابێت بێگلی، باڵوێزی پێشووی ئه‌مریکا له پورته‌غاڵ؛ هاوارد بێرمه‌ن، ئه‌ندامی پێشووی كۆنگره؛ جێیمز بلانچارد، باڵوێزی پێشوو له كانادا؛ ئه‌ندامی پێشووی كۆنگره‌و فه‌رمانداری پێشووی ئیاله‌تی میشیگان؛ هوارد دین، فه‌رمانداری پێشووی ئه‌یاله‌تی وێرمانت؛ نانسی روبێن، باڵوێزی پێشووی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له كۆمیسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان؛ لری دایامۆند، مامۆستای زانكۆ و توێژه‌ری پله‌به‌رزی ڕێكخراوی هوور؛ تامس گرێت له به‌ڕێوه‌به‌ره پله‌به‌رزه‌كانی ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆماریخوازه‌كان؛ باربارا هیگ، جێگری بنیادی میللی بۆ دێمۆكراسی‌و ڕیچارد كرێمێر به‌ڕێوه‌به‌ری پله‌به‌رزی بنیادی میللی بۆ دێمۆكراسی به‌رچاو ده‌که‌ون.
له‌م نامه‌یه‌دا هاتووه كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك هاوبه‌ش له بواره‌كانی ئابووریی سه‌ركه‌وتووتر و سه‌قامگیرتر زیاتر متمانه‌ی به وڵاته ئازاده‌كان هه‌یه‌و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش كه‌متره كه كۆمه‌ڵگا دێمۆكراتیكه‌كان به‌دژی دراوسێكانی خۆیان یان به‌دژی خه‌ڵكی خۆیان ڕوو له شه‌ڕو خوێن ڕشتن بكهنو توندوتیژی بنوێنن.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش كه‌متره كه حكوومه‌تی ئه‌م وڵاتانه بڕووخێ یان لاواز بن‌و به هه‌مان شێوه كه ده‌یانبینین ئه‌م وڵاتانه نابن به ناوه‌ندی تێرۆریسم. ئه‌وه یانی پێشكه‌وتنی دێمۆكراسی له بواری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئامریكا‌و یارمه‌تیده‌ری ئاشتی‌و نه‌زمی سه‌رتاسه‌ری جیهانیش ده‌بێ.
له‌م نامه‌یه‌دا هاتووه كه ڕێژیمی سه‌ركوتگه‌ره‌كان به‌پێی زاتی خۆیان ناتوانن سه‌قامگیر بن‌و بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بزووتنه‌وه دێمۆكراتیكه‌كان سه‌ركوت دهكهنو ده‌نگی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی كپ ده‌كه‌ن. ئه‌م وڵاتانه هه‌روه‌ها بنكه‌و ناوه‌ندی گه‌نده‌ڵیی له‌ڕاده‌به‌ده‌رن كه ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی به‌ربڵاوه له به‌رده‌م دێمۆكراسیی جیهانیدا.
له درێژه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌دا هاتووه كه پشتیوانی له ئازادی له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به مانای سه‌پاندنی ویست‌و خواسته‌كانی ئا‌مریكا یان ده‌ستێوه‌ردانی نیزامی له‌م وڵاته نییه. به‌ڵكوو بۆ وڵاتانی نادێمۆكراتیك ئه‌م مه‌سه‌له به مانای یارمه‌تیی ئاشتیخوازانه‌و مه‌عنه‌وی بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌یه كه له وڵاته‌کانیان بۆ چاكسازیی دێمۆكراتیك هه‌وڵ دهدهنو چاوه‌ڕوانیی پشتیوانیی مه‌عنه‌وی، سیاسی، دیپڵۆماتیكو هێندێك جاریش یارمه‌تیی ماڵی‌یان له ئا‌مریكا هه‌یه.
ئه‌م چالاكانه كه له هه‌وڵی گه‌یشتن به كۆمه‌ڵگایه‌كی دێمۆكراتیك دان، زۆر جار له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی زیندان، ئه‌شكه‌نجه‌و مردن به‌ره‌وڕوو ده‌بنه‌وه‌و بوێری‌و خۆڕاگریی ئه‌وان له نێو ئه‌م هه‌مووه مه‌ترسییه‌دا شایانی ئه‌وه‌یه كه پشتگیریان لێ بكه‌ین.