سێهەمین خولی خەڵاتی ئەدەبیی “ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگی و وەشانگەی باشوور” بەڕێوە چوو و دوو کەسایەتیی ئەدەبیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو کەسایەتیی ساڵ هەڵبژێردران و خەڵاتی ئەم خولەیان پێ بەخشرا.
لە سێهەمین خولی خەلاتی ئەدەبیی “ناوهنید فه‌رهه‌نگی و وەشانگەی باشوور” کە ڕۆژی هەینی، ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی، بە بەشداریی ۵۶ نووسەر، شاعیر، وەرگێڕ، ڕۆژنامەنووس و چالاکی بواری ئەدەبی و فەرهەنگیی کوردی لە کوردستان، لە شاری ئیلام بەڕێوە چوو، دوکتور ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده، له به‌شی لێکۆڵینەوە و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و هەروەها دوکتور عه‌لی ئوڵفه‌تی، له به‌شی ئه‌ده‌بیاتی داهێنەرانە (شێعر و چیرۆک) لەلایه‌ن ده‌سته‌ی ڕاوێژکاریی سێهەمین خولی خەڵاتی ئه‌ده‌بیی باشوورەوە هەڵبژێردران و خەڵاتی ئەدەبیی ئەم خولەیان پێ بەخشرا.
دوکتور ڕەهبەر مەحموودزادە، له ساڵی ۱۳۵۴ی هەتاوی، له شاری شنۆ لەدایک بووە و له زانکۆی ئازادی تاران بڕوانامەی دوکتورای فەلسه‌فه‌ی زانستی وەرگرتووە و هەنووکەش مامۆستای قوتابخانە و هەروەها مامۆستای زانکۆیە و یەکێک لە خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌کان و کەسایەتییەکی بەتوانا و زانای ئه‌ده‌بیاتی کوردییه کە له سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا لە بواری لێکۆڵینەوە و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی کوردی‌دا شوێنپه‌نجه‌ی دیارە.
دوکتۆر مه‌حموودزاده، لە بوارەکەی خۆیدا گەلێک وتار و بابەتی لیکۆڵینەوەیی و هەوەرها کتێبگەلێکی بەنرخ و پڕبایەخی چاپ و بڵاو کردووەتەوە کە بریتین لە:
ــ پێکهاتەی بەیتی کوردی، ۱۳۸۱، وەشانگەی سەلاحەدین ئەیووبی.
ــ ئافاقی شیعری نالی، ۱۳۹۹، وەشانگەی مادیار.
هەروەها دوکتور عەلی ئوڵفەتی، نووسەر و شاعیری ئه‌ده‌بیاتی کوردی و فارسی، له ساڵی ۱۳۵۶ی هەتاوی، له شاری سه‌رپێڵی زه‌هاو لەدایک بووە، لە زانکۆی ئازادی سنە بڕوانامەی دوکتورای فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ری وەرگرتووە و هەنووکەش یەکێک له شاعیران و ئەدیبانی گەلی کورد و بەتایبەت باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لەسەر ئەدەبیاتی کوردی بەگشتی و ئەدەبیاتی کوردی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، کاریگهرییەکی بەرچاوی هەبووە و تاکوو ئێستا لە بوارەکەی خۆیدا گەلێک وتار و بابەتی هەبووە و ۱۵ کتێبیشی بە زمانەکانی فارسی و کوردی و شێوەزاری کوردیی خوارین چاپ و بڵاو بووەتەوە کە بریتین لە:
ــ گه‌رمه‌شین، ۱۳۸۷، وەشانگەی باغ نی.
ــ سزیان وه‌فر، ۱۳۹۲، ناشر مؤلف.
ــ له چیمهڕێیهو، چیمنه ڕێیه‌و، ۱۳۹۷، وەشانگەی مانگ
ــ آهوان ملل، ۱۳۹۱، انتشارات نگاه.
شایانی باسە کە ساڵی ڕابردوو، خەڵاتی ئەدەبیی “ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگی و وەشانگەی باشوور” بە سێ شاعیر، نوسەر و لێکۆڵەری کورد، زاهێر سارایی، فەرهاد شاهمورادیان و ئاکۆ جەلیلیان، بەخشرابوو.