بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی “ئێنساف نیوز” کە وتووێژێکی لەگەڵ دوکتور “حوسێن ئیمانی جاجەرمی”، کۆمەڵناسی شاری کردووە، بەهۆی زۆربوونی کێشەی ئابووری لەم ساڵانەی دواییدا لە شارە گەورەکاندا دیاردەی گەڕانەوەی لاوانی خێزاندار بۆ ماڵی دایک و باوکیان زیادی کردووە.
لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە شێوازی ژیان لە شارە گەورەکان گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە؛ جگە لە بە پەراوێزخستن و ڕۆیشتن بۆ شارە بچووکەکان، دیاردەی “گەڕانەوەی لاو بۆ ماڵی دایک و باوک” بە ڕادەیەکی زۆر ڕوو لە زیادبوونە و لە هەندێک حاڵەتدا، سەرپەرەستی بنەماڵە، خواردنی ڕۆژانەی دەباتەوە ماڵی دایک و باوکی بۆ ئەوەی خەرجی ژیانیان کەم بکاتەوە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە ئێران کولتور گۆڕاوە و جەخت لەسەر سەربەخۆیی خێزانەکان کراوە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئابووری نالەبار و بارودۆخی ناسەقامگیری بنەماڵەکان لە بواری ئابوورییەوە، لاوەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵی باوک و دایکیان تاکوو خەرجیی ڕۆژانەیان کەم ببێتەوە و ئەم دیاردەیەش گوشارێکی زۆری لە بواری دەروونییەوە لەسەر خەڵک داناوە.
دوکتور حوسێن ئیمانی لە وڵامی ئەم پرسیارە کە دیاردەی گەڕانەوە بۆ ماڵی باوک یان دایک تەمەن پێوەندی بە تەمەنەوە هەیە و پێت وایە ئەم دیاردە تا کەی بەردەوام دەبێ؟ دەڵێ: “تەواوبوونی ئەم دیاردەیە پەیوەستە بە بارودۆخی ئابوورییەوە. ئەگەر گەڕانەوە بۆ ماڵی دایکان و باوکان تەنیا هۆکارێکی ئابووری ببێ، تەنیا بە باشبوونی بارودۆخی ئابووری چارەسەری دەکرێ، چونکە وڵات بە دژوارترین قۆناغی ئابووری خۆیدا تێدەپەڕێ. بەڵام لە ئێستادا و لە ئێران خاڵێکیتر ئەوەیە کە گەنجان و لاوان ماڵی دایک و باوکیان جێناهێڵن تا دوایی بگەڕێنەوە و هەر لە سەرەتاوە لەوێدا دەژین.