کۆمەڵێک لە کارناسانی پلەبەرزی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، سەرەڕای هۆشداریدان لەهەمبەر تێپەڕاندنی هێڵی سووری بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، داوایان لە دەوڵەتی جۆ بایدێن کردووە کە سیاسەتی دیپلۆماسی توند بەدژی ڕێژیمی ئێران بگرێتە بەر و ئەگەر پێویستیش بوو بە شێوەیەکی ڕوون لە هێزی سەربازیی بەدژی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران کەڵک وەربگرێ.
کارناسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا کە ناسراوترین و کارامەترین کارناسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا واژۆیان لەسەر کردووە، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە دیپلۆماسی ئەمریکا لەگەڵ ئێران شکستی خواردووە و تاران چالاکانە و لێبڕاوانە دەیهەوێت دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا، داوایان لە دەوڵەتی جۆ بایدێن کردووە کە زۆر بە توندی و لە ڕێگەی سەربازییەوە ڕووبەڕووی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران ببێتەوە.
لە بەشێک لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە لە کاتێکدا ئەمریکا، کەڵکوەرگرتنی غەیری سەربازیی لە وزەی ناوکیی بە مافی ڕێژیمی ئێران دەزانێ، چالاکییە ناوکییەکانی تاران سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ڕێژیمی ئێران هەنگاوەکانی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیی و کەڵکوەرگرتنی سەربازیی لە وزەی ناوکیی خێراتر کردووەتەوە.
هوارد بێرمەن، میشێل فلۆرنۆی، جەین هارمەن، لێئۆن پانتە، دەیڤید پێترائۆس، دێنیس ڕاس و ڕابێرت ساتلۆف واژۆکەرانی بەیاننامەکە هۆشداری بە دەوڵەتی بایدێن دەدەن و دەڵێن: گۆشەگیرکردنی ئێران لە سیاسەت، مەحکوومکردنی ئێران لە کۆڕە نێونەتەوەییەکاندا و گەمارۆ ئابوورییە قورسەکان لەم قۆناغەدا بۆ باوەڕپێهێنانی ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران بۆ ئاڵوگۆڕ لە ڕەفتار و کردارەکانیاندا بەس نییە و دەبێ گوشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر بێ و ئەگەر وەکوو ئێستا دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران وڵامدەر نەبوو دەبێ هێرشی سەربازیی بکرێتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە.