بەرپرسێکی ئەمریکایی سەبارەت بە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بە ڕۆژنامەی “پۆلێتیکۆ”ی ڕاگەیاندووە کە وتووێژەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران تا ئێستا نەگیشتووەتە قۆناغی لابردنی گەمارۆکان و تا ئێستا ڕێگەچارەیەکی گونجاویان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەبینیوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە دیپلۆماتە ئورووپاییەکان، ڕۆژی شەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی” پۆلێتیکۆ” سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ئێران هەوڵەکانی بۆ دەستپێراگەیشتن بە چەکی ناوکیی خێراتر کردووەتەوە، لەهەمبەر شکستی وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ئێران هۆشدارییان داوە و ڕایانگەیاندووە کە بێئاکامی لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن دەبێتە هۆی کێبەرکێی چەکوچۆڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسی دروست دەکات لەسەر هەموو جیهان.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانییەوە ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران دەستی بە چالاکیی ناوکیی بە مەبەستی سەربازیی لە دامەزراوە ڕانەگەیێندراوە ناوکییەکانیدا کردووە.