کەمپەینی هەڵمەتی زاگرۆسانە کە کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز چالاکییەکانی ئەم کەمپەینە کۆتاییهات.
کەمپەینی هەڵمەتی زاگرۆسانە کە کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان لە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە هەشتاگی زاگرۆسانە و بە دروشمی “زاگرۆسانە، ئەم نیشتمانە بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە”، بە مەبەستی بووژاندنەوەی ژینگەی کوردستان و سەوزڕاگرتنی زاگرۆس ڕێکخستبوو کە تاکوو ٢٦ی سەرماوەز ڕاگەیەندرابوو، لەلایەن ئەنجومەن و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان، ئەنجومەنە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان، تیم و گرووپە شاخەوانییەکان، فێرگەی فێرکاری و گرووپە مۆسیقییەکان، قوتابخانەکان و سەرجەم خەڵکی کوردستان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتدا بەڕێوە چوو.
لە ڕاستای چالاکییەکانی هەڵمەتی زاگرۆسانە لە ماوەی چەند حەتووی ڕابردوودا لە سەرانسەری شار و ناوچە و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو، لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز وەکوو دواهەمین ڕۆژی ئەم هەڵمەتە، ئەنجومەنی “ژینگەیی شنەی نەوژینی کوردستان”، ئەنجومەنی “کۆما کوردستانی سەوز” لە شاری سنە و گرووپی شاخەوانیی “چل چەمە” وەکوو میوان، بە سروودی “خوایا وەتەن ئاوا کەی” و بە دروشمی سەرەکیی زاگرۆسانەی ئەمساڵ لە پشت شارەکی “زاگرۆسـ”ـی ئەو شارەوە تاکوو پارکی “منداڵان” و ڕێگەی ئاویەر بە پاکوخاوێنکردنەوە و بەڕوو چاندن هەڵمەتەکەیان بەڕیوە برد.
هەر لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزدا لە شاری مەریوان، ئەنجومەنی “سەوزی چیا’، گرووپی “سمۆرەکانی زاگرۆس”، گرووپی شاخەوانیی”هەڵۆخان” و گرووپ و فێرگەی موسیقیی فێرکاریی “فلارموونیک”، بە مەبەستی فێرکردن و فەرهەنگسازیی پاراستنی ژینگە و ژینگەپارێزی، هەروەها خەڵکی شارۆچکەی “کانیدیانار”ی مەریوان بە چاندنی بەڕوو هەڵمەتی زاگرۆسانەیان بەڕێوە برد.
هەر لەو ڕۆژەدا لە شاری بانە، کۆمیتەی دارستانی ئەنجومەنی “پاژین” ڕایگەیاندووە: “بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵمەتی زاگرۆسانە، لە بەینی ھاوشارییان و کەژوانانی شارەکەمان بڕێکی بەرچاو بەڕوو بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی ھاوشارییان لە مەترسیەکانی سەر دارستانەکانمان و ھەروھا ھاوبەشکردنیان لەم ھەنگاوەدا بڵاو کرایەوە تاکوو لەگەڵ ھەڵکشانیان بۆ لووتکە، بەڕووەکان بچێنن و درێژەدەری ئەم ڕەوتە جوانە بن و پارێزەری ژینگە و دارستانەکان بن”، ئەنجومەنی پاژین لەو چالاکییەدا کە لە داوێنی کێوی ئاربابا بەڕێوە چوو، لە نزیک پیکەری “محەممەد ھەوراز” زاگرۆسانە و ھێماکەیان بەرز نرخاند.
شایانی باسە کە کەمپەینی هەڵمەتی زاگرۆسانە، لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٠١٧ی زایینی، ڕێکخراو و ئەنجومەنە ژینگەپارێزی و فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی کوردستان، گرووپ و ڕێکخراو و تیمە شاخەوانییەکان، ناوەند و فێرگە جۆرواجۆرەکان و چالاکانی مەدەنی و سەرجەم خەڵکی کوردستان، دەستی پێکردووە کە هەر ساڵێک بە دروشمێکی دیاریکراو و بە شێوەیەکی بەربڵاو لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕیوە دەچێت، کە ئەمساڵ ئەم هەڵمەتە بە هەشتاگی زاگرۆسانە و بە دروشمی “زاگرۆسانە، ئەم نیشتمانە بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە”، لە ڕۆژی هەینی، ٥ی سەرماوەز دەستی پێکرد و تاکوو ڕۆژی هەینی، ٢٦ی سەرماوەز کۆتایی بە هەڵمەتەکە هات.