چەواشەکاری و پێداگریە بێ بنەماکانی ڕێژیمی ئێران بەرامبەر بە دەرکردنی بڕیاری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لە کۆڕی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان.
دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندووە کە کەس لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئەشکەنجە ناکرێ، ئەوە لا کاتێکدایە کە تەنیا لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو زیاتر لە شەش کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو ڕیژیمەدا گیانیان لە دەستداوە.
لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری نەغەدە بە ناوەکانی “ئەسعەد رامین و داود ڕەحیمی” لە ژێر ئەشکەنجەی هیزەکانی ئیتلاعاتی سپای ورمێ و هاووڵاتیەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی “یاسر مەنگوڕی” لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە گیانیان لە دەستداوە.
هەر وەها هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری ”سیروان” سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوی “ئەمیرحوسێن حاتەمی” تەمەن ٢٢ساڵ لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی بەندیخانەی فەشافوویە گیانی لەدەستدا.
بەندکراوێکی کورد بە ناوی ” شاهین دەیرزادە” خەڵکی شاری ورمێ لە ژێر ئەشکەنجەی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ گیانی لە دەستدا.
خسرەو جەماڵی فەڕ، تەمەن ٢٦ساڵ و خەڵکی شاری سنە، دوای تێکهەڵچوونی لە گەڵ بەندکراوێکی دیکە لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە دەکەوێتە بەر لێدان بە باتۆم و ئەشکەنجەی بەرپرسانی بەندیخانەو بە هۆی کەمتەرخەمی و پێڕانەگەیشتنی پزیشکانی بەندیخانە و ڕەوانە نەکردنی بۆ دەرەوەی بەندیخانە بۆ چارەسەرکردنی گیانی لە دەستدا.