لەدرێژەی کار و چالاکیی تەبلیغی بە بۆنەی ۲٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستانەوە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی شنۆ، نەغەدە و پیرانشار بەشێوەیەکی بەرفراوان چالاکیی تەبلێغییان بەڕیوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان، لە شاری شنۆ و گوندەکانی دەوروبەری چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و یادی ڕۆژی ئالآ و پێشمەرگەیان بەرز ڕاگرت، ئەو شوێنانەی شاری شنۆ کە لەلایەن وەفادارانی ڕێبازی دێموکرات بە دروشم و تراکت و وێنەی پێوەندیدار بەو ڕۆژە ڕازابوونەوە بریتین لە: سێڕێیانی سۆفیان و شنۆ و پیرانشار، جادەی سەرەکی پیرانشار، گوندەکانی دووئاوان، ئاسناوێ، سەر پردی جووحەی، جادەی هێیە، جادەی شێخان، ناو ئاوایی شێخان، جادەی ئاوایی دڕووی.
هەر وەها دڵسۆزانی دێموکرات لە شاری پیرانشار لە گوندی بەربنەی ئەو شارە بەو بۆنەوە دروشم و تراکتی حیزبییان بڵاو کردۆتەوە و لەگەڵ ڕیبوارانی ڕێگای قاسملوو پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە کە تا گەیشتن بە ئامانجی بەرزیان درێژەدەری رێگا و ڕێبازی شەهیدان بن.
لە درێژەی ئەو کار و چالاکییانەدا کە لە هەموو شارو ناوچەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەربڵاو بەڕێوە چووە ئەویندارانی ڕێبازی دێمـوکرات لە گوندی دایماوێی سەر بە شاری نەغەدە، بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی وێنە وتراکتی حیزبی، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەیان بەرز ڕاگرت و ئەو ڕۆژەیان لە پێشمەرگە پیرۆز کرد و وەفاداری خۆیان بەو ڕێبازە پیرۆزە نیشاندا.