وڵاتی کانادا بڕیارنامەی مەحکوومکردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤی لە ئێران پێشکەش بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و لەلایەن ٤٧وڵاتی دیکەوە پشتیوانیی لێکرا و کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش پەسەندی کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرووەکانی، لەسەر داواکاری وڵاتی کانادا کە ٤٧ وڵاتی دیکە پشتیوانیان لێکردبوو و بە کۆی ٧٨دەنگ لەسەر مەحکوومکردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران، بڕیارنامەی بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پەسەند کرد کە لەو وڵاتە هەموو یاساکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێشێل کراوە و گرینگی بە مافی مرۆڤ لەو وڵاتە نادرێ و پێشتر ئەو بڕیارنامەیە لە درێژەی ئەمساڵدا لە کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی ٧٢دەنگ پەسەند کرابوو.
لە بڕیارنامەیەدا ئاماژە بە ژمارەیەک تاوان کراوە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە یاساکانیان پێشێل کراو و نیگەرانییەکی زۆر هەیە لەسەر سزای لە سێدارەدان بە تایبەت لە سێدارەدانی منداڵان، دەسبەسەرکردنە بەرفراوان و هەڕەمەکییەکان، بێبەشکردنی بەندکراوان لە پێدانی دەرمان، خزمەتگوزاری پزیشکی، لەبەرچاو نەگرتنی مافی مرۆڤ و دژایەتیکردنی چالاکانی مافی مرۆڤ، بەکارهێنانی ئەشکەنجەی قورس بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملی و مردنی گوماناویی بەندکراوانی بەندیخانەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران، ئەوانە لەو تاوانانەی کە لە بڕیارنامەکەدا هاتووە و لەلایەن کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە.