مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵە لە کرماشان بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی ئاڵای کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان لەگەڕەکی دەوڵەتاوای ئەو شارە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵیان بە ناوی “دانیال کەرەمی” بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی ئاڵای کوردستان دەسبەسەر کردووە.
ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بە بنەماڵەی دانیال کەرەمییان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ئاڵای کوردستانی بڵاو کردووەتەوە و هەر بۆیەش دەسبەسەر کراوە و بۆ ئازادی کاتی دانیال کەرەمی داوای بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تەمنییان کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵەکەی ئەو بڕە پارەیان دابین کردووە بەڵام هێشتا ئازاد نەکراوە.
جێگای ئاماژەیە کە دەسبەسەرکرانی ئەم مێرمنداڵە ١٥ ساڵەیە بەپێی یاسا نێوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ڕێگاپێدراو نییە و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی منداڵان و بەو حاڵەش وپاش نزیکەی یەک حەوتوو لە دەسبەسەر کرانی دانیال کەرەمی، هێشتا مافی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی پێنەدراوە.