لە کاردانەوە بە کۆتایی بێ ئاکامی دەوری حەوتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن و ڕاوەستانی درێژەی وتووێژەکان لە سەر داوای ڕێژیمی ئێران، ئەمریکا بۆ یەکەمین جار بێ هیوایە لە ئاکامی وتووێژەکان و دووبارە کردنەوە ڕێککەوتنی ناوکیی.
جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ئەمریکا لە رێگەی هاوپەیمانەکانیەوە رێژیمی ئێرانی ئاگادار کردۆتەوە کە ئاگادارە لە پێشێلکارییە ناوکییەکانی و پەرەپێدان بە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران وتی: وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ئێران بەو جۆرەی کە ئێمە چاوەڕوانیمان دەکرد ناچێتە پێشەوە و وادەردەکەوێت کە هیچ ڕێگایەکمان بۆ دووبارە کردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لە بەردەستدا نەماوە.
هەرلەم پێوەندییەدا کۆشکی سپی بە کاردانەوە لەهەمبەر کۆتایی بێ ئاکامی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وداواکاریی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕاوەستانی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت بە یەکجاری هەموو گەمارۆکان لە سەری لابچی، بەڵام لابردنی گەمارۆکان پەیوەستە بە پێبەندبوونی ڕێژیمی ئێران بە بەڵێنە ناوکییەکانی و تا ئێستا ئەو ڕێژیمە پێبەند نەبووە بە هیچ بەڵێنێک و بەردەوام بەڵێنە ناوکییەکانی پێشێلکردووە.
جێگەی ئاماژەیە کە دەوری حەوتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە نێوان ڕێژیمی ئێران و زلهێزە جیهانییەکان، ڕۆژی هەینی لە سەر داوای ڕێژیمی ئێران بە بێ هیچ دەسکەوتێک کۆتایی پێهاتووە و ڕێژیمی ئێران داوای ڕاوستانی وتووێژە ناوکییەکانی کردووە.
هەرلەم پێوەندییەدا “ئێنریکە مۆرا” ڕێکخەری ئورووپایی، کاروباری وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە دەوری حەوتەمی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە سەر داوای رێژیمی ئێران بە بێ ئاکام ڕاوەستاوە و کۆتایی بە کارەکانی هێناوە بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ ئەوە بزانێت کە ئێمە کاتێکی زۆرمان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا نییە.