وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا، چەندین کۆمپانیای ئورووپایی بەهۆی پشتیوانیکردنیان لە بەرنامەی مووشەکی و هەناردەکردنی چەکوچۆڵی پێشکەوتوو بۆ ئێران لە ڕێگەی وڵاتی چینەوە خستە لیستی گەمارۆکانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “نەشناڵ نیوز” ڕۆژی هەینی٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی دەفتەری پیشەیی و ئەمنییەتی وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا، سێ کۆمپانیای بەهۆی پێوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتی چین و پشیوانیکردن لە بەرنامەی مووشەکی ڕێژیمی ئێران، خستە لیستی گەمارۆکانیەوە وهەروەها لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هەوڵەکانی ئەو سێ کۆمپانیایە و پشتیوانیکردنیان لە بەرنامەی مووشەکی و چەکوچۆڵی پێشکەوتووی ڕێژیمی ئێران، دژایەتیی لەگەڵ ئەمنییەتی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە، بۆیە گەمارۆیان دەخرێتەسەر.
بەپێی ئەو لیستەی کە دەفتەری وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا بڵاویکردۆتەوە ئەو کۆمپانیاگەلە بەرهەمە ئەمریکاییەکان بۆ پشتیوانی لە بەرنامەی مووشەکی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی وڵاتی “چین”ەوە هەناردەی ئێران دەکەن کە ئەم کارە لەلایەن ئەمریکاوە ڕێگە پێدراو نییە.
جێگای ئاماژەیە کە جیاواز لەو سێ کۆمپانیایە وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا گەمارۆی خستوەتە سەر ٨ کۆمپانیای دیکە کە لە ڕێگەی هاوردەکردن لە وڵاتی چینەوە لە وڵاتانی مالێزی، تورکیە و گورجستان پشتیوانی لە وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران دەکەن و بە شێوەیەکی نایاسایی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران دەور لێدەدەن.
هەرلەم پێوەندییەدا ” جینا ڕیمۆندۆ” وەزیری بازرگانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئێمە ئیزن نادەین کە شتومەک و تەکنولۆژیای پێشکەوتووی ئەمریکا لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیاگەلەوە بەدژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بەکار بهێنرێت و پشتیوانیی لە بەرنامەی مووشەکی و چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران بکەن.
ناوبراو هەروەها لە درێژەدا وتی: ئەمریکا لێبڕاوانە ڕووبەڕووی هەموو هەوڵە تێکدەرانەکانی وڵاتانی چین و ئێران دەبێتەوە و ئیزن نادات ئاسایش و سەقامگیریی جیهان لەلایەن ئەو وڵاتانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی ببێتەوە.