سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕایگه‌یاند مێژووی خه‌باتی چه‌کداریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پڕه له قوربانیدان‌و فیداکاری‌و، ئەگەر بچینە سەر چارەسەری نیزامیی پرسی کورد لە ئێران، خەباتی چەکداری لە شاشەی تلویزیۆنەوە ڕاناگەیەنین.
کاک خالید عه‌زیزی له وتووێژ له‌گه‌ڵ کاناڵی ئاسمانیی کوردستان ٢٤ دا‌و، له وه‌ڵامی پرسیارێکدا که کۆمه‌ڵێک باس‌و خواسی فه‌یسبووکی به دووی خۆیدا هێنابووی، ڕه‌خنه‌ی له پڕش‌و بڵاویی هێزه کوردییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان گرت. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گوتی بەو پڕش و بڵاوییەی کە ئێستا لە نێو حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کورستان‌دا هەیە، خه‌باتی چه‌کداری سه‌رکه‌وتوو نابێ‌و له‌و دۆخه‌ی ئێستادا تەنانەت ئەگەر بتوانین گوندێکیش رزگار بکەین، زۆر ئەستەمە بتوانین ڕایبگرینو ئیدارەی بکەین.
کاک خالید عه‌زیزی ڕه‌تی کرده‌وه که ئه‌و قسانه‌ی له کۆبوونه‌وه‌که‌ی نوێنه‌رایه‌تیی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له فه‌ڕانسه کردنی له وه‌ڵامی قسه‌کانی کاک مسته‌فا هیجریدا کردبێتی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و له پێوه‌ندی له گه‌ڵ مێژووی خه‌باتی چه‌کداریی حیزبی دیموکڕات گوتی نه پێشەوا قازی محەممەدو، نە دوکتور قاسملوو له‌لایه‌ن کورده‌وه شه‌ڕیان به دژی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ڕانه‌گه‌یاندوه، به‌ڵکوو هەمیشە دوژمنان بوون که شەڕیان دەست پێ کردوەو حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیش به‌رگری له خۆی‌و خه‌ڵکه‌که‌ی کردوه.
به‌ڕێزیان هه‌ر له‌وه به‌شه‌ی قسه‌کانیدا گوتی قه‌ت لە نێوان حیزبی دێموکرات‌و کۆماری ئیسلامی‌دا ئاتەشبەست نەبووە که ئێستا پێویست بە ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ی شەڕی چەکداری هەبێ، وه‌ک چۆن لە چەند ساڵی رابردوودا پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شاهیدی خەڵکی کوردستان لە قووڵایی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بوون‌و، زەربەیان لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی داوه‌و شەهیدیشمان داوه.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له مێژووی چالاکیی نیزامیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا گوتی ئەگەر بچینە سەر چارەسەری نیزامیی پرسی کورد لە ئێران، خەباتی چەکداری لە شاشەی تلویزیۆنەوە ڕاناگەیەنین، جیا له‌وه‌ش حیزبەکانی رۆژهەڵات ئەگەر لە سەر چارەسەری نیزامی ساغ بوونەوە، ئه‌وه خۆی پێویستی بە ئامادەکاریی نیزامی‌و هه‌ماهه‌نگیی نێوان لایه‌نه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتری هەیە.
کاک خالید له درێژه‌دا گوتی: خەباتی چەکداریمان بۆ دهکرێو قه‌تیش ڕه‌دمان نه‌کردۆته‌وه‌و له هه‌موو ده‌رفه‌تێکیش بۆ ئه‌وه که‌لکمان وه‌رگرتوه، بەڵام ئەگەر بمانەوێ کاری جیددیی بۆ بکەینو ده‌سکه‌وتی گرینگی لێوه‌ربگرین، ئه‌وه ئامادەکاریی زۆری دەوێ.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانیدا گوتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به‌رهه‌می خه‌باتێکی دوور‌و له مێژینهوهی حیزبی دێموکڕاته‌و هێزی پێشمه‌رگه ده‌بێ بمێنێ‌و به‌هێزتر بکرێ؛ چونکی خه‌باتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له دژی کۆماری ئیسلامی خه‌باتێکی فره ڕه‌هه‌نده.
کاک خالید عه‌زیزی گوتی: خه‌باتی مه‌ده‌نیی کورد له نێوخۆی وڵات، خه‌باتی دیپلۆماسی‌و سیاسی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و له ئاستی نێونهتهوهییداو؛ حزووری چالاک‌و ئاماده‌ی هێزی پێشمه‌رگه له ناوچه سنوورییه‌کانو نێوخۆی کوردستان ئاڵقه‌یه‌که له پێناو به‌هێزکردنی یه‌کتریدا.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له دوابه‌شی ئه‌و وتووێژهداو له‌باره‌ی پێوه‌ندیی خه‌باتی مهدهنیو چه‌کداری له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا گوتی: خه‌باتی مه‌ده‌نی پرسێکی سه‌ره‌کیی کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵکه‌و پێوەندی بە سیاسەتو بە حیزبی سیاسییەوە نییە. خەڵک لە نێوخۆ دەتوانن له‌و مه‌یدانه به‌رینه‌دا بە دوای داواکانی خۆیاندا بچن‌و ئەمە دژایەتیی لەگەڵ خەباتی چەکدارانە نییەو کورد ده‌بێ له هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا مه‌یدانداری بکا.