ڕێوڕەسمی ڕۆژی ۲٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکانی حیزب بەڕێوە چوو.
بە بەشداری سەدان کەس لە پێشمەرگە و کادرەکانی حیزب، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کورستان، لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە خوێندەنەوەی سروودی نەتەوایەتیی “ئەی ڕەقیب” و ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و دواتر خوێندنەوەی پەخشانێک لە وەسفی “پێشمەرگە”دا، دەستی پێ کرا.
دواتر پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزب لەپێوەندی لەگەڵ ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگە، لەلایەن بەڕێز “حەسەن قادرزادە”، ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی پێشمەرگە پێشکەش بە بەشداربووان کرد. لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتبوو کە:
“بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، لەلایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی ئازیزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکانی کوردستان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دەکەین و شانازی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەکەین کە داهێنەری ئاڵا و ناوی پیرۆزی پێشمەرگەیە.
لەم بۆنە پیرۆزەدا بەڵێن دەدەین چۆن هەتا ئێستا حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاڵا هەڵگری دیفاع لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بووە و چۆن هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە پاڵپشتیی گەلەکەی، قەڵغانی بەرگری لە کەرامەتی نەتەوەکەی بووە، هەتا گەیشتن بە ئاوات و هیواکانی خەڵکی کوردستان لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبن و هیچ هەڕەشە و گوشارێکی کۆماری ئیسلامی نەک هەر ناتوانێ لەو ڕیساڵەتە مێژووییە کە لەسەر شانی حیزب و هێزی پێشمەرگەیە ساردیان بکاتەوە، بەڵکوو بە باوەڕ و ئیمانێکی بەهێز و زیاتر لە جاران لە پێناو وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان تێدەکۆشن و ئامادەن گیانیان بەخت بکەن.”
پاشان شێعری “شکۆی گەل” لەلایەن بەڕێز “ڕەسووڵ سوڵتانی” خوێندرایەوە و دواتر چەپکەگۆرانییەک لەلایەن هونەرمەند “نازێ عەزیزی”، پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، ڕێز لە کۆمەڵێک پێشمەرگەی فیداکاری حیزب گیرا کە پتر لە ۲۰، ۲٥، ۳۰،۳٥، ٤۰ ساڵ لە تەمەنیان لە سەنگەری پێشمەرگایەتیدا تێپەر کردووە.
جێی ئاماژەیە کە ڕێوڕەسمەکە بە شایی و گۆڤەند و بە شادی و خۆشی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.