بەرپرسی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی وتی: دانوستانەکانی ڤییەن بێ چاوەدێری ئاژانس لەسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بە ئاکام ناگات و دەبێ بزانرێ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی لە کوێ هەڵدەگرێ.
ڕۆژی چوارشەممە ٣٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕافائێل گڕووسی بەرپرسی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی “ئەلعەرەبیە” بە ئاماژە بەوەیکە چاوەدێریی لێکۆڵەرانی ئاژانس لە ئێران بە قازانجی ئەو وڵاتەیە، وتی: لێکۆڵینەوە لە ناوەندەکانی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە لایەکەوە ئەو گەرەنتییە دەدا کە چالاکییە ناوکییەکانی تاران لە چوارچێوەی یاساکانی ئاژانسی وزە بەڕێوە دەچێ و لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژیمی ئێران ناتوانێ بە ویستی خۆی ئۆرانیۆمی پیتێندراو پاشەکەوت بکا.
ناوبراو ئاماژەی بە دانوستانەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان لە ڤییەن کرد و وتی: ئەوە بابەتەی لە ڤییەن هاتووەتە بەر باس، گەڕانەوەی ڕێککەوتنەوەکانی بەرجامە بۆ ساڵی ٢٠١٥ و دەبێ لەسەر ئەو ڕێککەوتنە دانوستاندن بکرێ، چوون ڕێژیمی ئێران چالاکییەکانی ناوکیی خۆی بە نهێنی زیاتر پەرە پێ داوە و تەواوی سنوورەکانی بەزاندووە و پێویستە ڕێگری لێ بکرێ.