یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد سێمینارێکی لەژێر ناوی “ڕەخنە، بەراورد و شیکاریی بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خۆڕهەڵاتی کوردستان” بۆ بەڕێز “شاهرۆخ حەسەنزادە” بەڕێوە برد.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد، سێمینارێکی لەسەر “ڕەخنە، بەراورد و شیکاریی بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خۆڕهەڵاتی کوردستان” بۆ بەڕێز “شاهرۆخ حەسەنزادە” بەرپرسی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە و خوێندکارانی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە برد.
سەرەتای سێمینارەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد و پاشان “شارۆخ حەسەنزادە”، وتەکانی بە باسێک لەسەر جووڵانەوەکانی وڵاتی ئێران دەست پێ کرد و وێڕای ئاماژەدان بە جووڵانەوەکانی ئەو وڵاتە و بەتایبەت جووڵانەوەی سەوز و جووڵانەوەکانی ساڵەکانی ١٣٩٦ و ١٣٩٨ی هەتاوی و هەروەها جیاوازیی داخوازییەکانی ناوەند و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وتی: ئەوەی کە لە جووڵانەوەی سەوز کرا بەدژی گەندەڵی لە دەنگدانەکانی ئەو کاتی ڕێژیم بوو و خەڵک بە دروشمی “کوا دەنگەکەی من” ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵام بارودۆخی کوردستان جیاوازترە، جیاوازی بەو واتایەی کە لە کوردستان دەمێکە بزووتنەوەی سیاسیی کورد خاوەندارێتی لە شەقام دەکات و زیاتر وێژمانی شاخ لە خۆیدا دەبینێتەوە هەتا شەقام.
هەروەها لە درێژەی سێمینارەکەدا، باسێکی لەسەر دیسکۆرسی خەباتی مەدەنی کرد و ئاماژەی بە مانگرتنەکانی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی لەدوای مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسیی کورد، ٢٣ی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاوی لەدوای لەسێدارەدانی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر، ١٩ی رەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاوای کوردستان و هاوکارییەکانی خەڵکی ناوچەکانی تری کوردستان لە کارەساتی بوومەلەرزەلێدراونی ناوچەکانی کرماشان و ئیلام و کارەساتی لافاوی لوڕستان کرد.
لە کۆتایی باسەکەدا بە ڕاوبۆچوون و ڕەخنە و تێبینی و پرسیاری بەشداربووانی سێمینارەکە، باسەکە دەوڵەمەندتر کرا و وڵامی پرسیارەکانی لەلایەن حەسەنزادەوە کۆتایی پێ هات.