شۆرای هاوکاریی وڵاتانی کەنداو بە توندی ئاگاداری دەداتە ڕێژیمی ئێران و ڕایگەیاندووە کە هێرش بۆسەر هەر وڵاتێکی ئەندامی ئەو شۆرایە، هێرش بۆسەر هەموومانە.
شۆرای هاوکاریی وڵاتانی کەنداو لە دواهەمین کۆبوونەوەی خۆیدا کە ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەڕێوە چوو، لەسەر زێدەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕییەکانی لە وڵاتانی ناوچە و هێرشەکانی بۆسەر وڵاتانی کەنداو، بەتوندی ئاگاداری دەداتە ڕێژیم و “نایەف حەجەر”، سەرۆکی شۆرای هاوکاریی وڵاتانی کەنداو لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە: “هەڕەشە و هێرش بۆسەر هەر وڵاتێکی ئەندام لە شۆرای هاوکاریی وڵاتانی کەنداو، هەڕەشە و هێرش بۆسەر هەموو وڵاتانی ئەندامی ئەو شۆرایەیە”.
هەروەها “نایەف حەجەر”، ڕایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەیەدا وێڕای ئەوەی کە زێدەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا تاوتوێ کراوە و باس لە بەرنامە مووشەکی و ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە کراوە، هاوکات شۆاری هاوکاریی وڵاتانی کەنداو جەختی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی پێویست بەرانبەر بە وڵاتانی ئەو شۆرایە کردووەتەوە و تێکڕای وڵاتانی ئەندامیش ئامادەیی خۆیان بۆ ئەم مەبەستە دەربڕیوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جاڕیکی تر جەخت لەسەر زێدەڕۆی و دەستێوەردان و هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران چ بە شیوەی ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگەی هێز و گرووپە میلیشیاکانییەوە لە ناوچەکەدا کراوە و شۆرای کاوکاری نیگەرانیی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕیوەتەوە.
لەم پێوەندییەدا “محەمەد بن سەلمان”، پاشای وڵاتی عەرەبستانی سعوودی، پێش لە بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوەیە ڕایگەیاندبوو کە دەبێت ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو کۆبوونەوەیەدا بخرێنە بەرباس و هەروەها “فەیسەڵ بن فەرحان”، وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی عەرەبستان دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند؛ وا دیارە کە ڕێژیمی ئێران هەوڵی ئەوە دەدات کە بەربەست بۆ وتووێژەکانی ڤییەن دروست بکات، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە لە بەرجامدا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وتووێژ دەکەن، پێوەندییەکی باشمان هەیە و ناهێڵین بەو جۆرەی کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت بە ئاکام بگات.