لاوانی شۆڕشگێڕی نێو شار و گوندەکانی ناوچەی پیرانشار بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای پیرۆزی کوردستان، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و ئەو ڕۆژەیان بەرز نرخاند.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی پیرانشار، لەسەر ڕێگای سنووری تەمەرچین، تالاری خەیام، کانی جۆ و گەڕەکەکانی نێوشار، بەبۆنەی هاتنی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای پیرۆزی کوردستان، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و ئەو ڕۆژەیان بەرز و پیرۆز نرخاند.
لە بەرەبەری یادی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پیرانشار، بە مەبەستی سەرکوتی لاوانی شۆڕشگێڕ بڵاوەیان پێکراوە تاکوو ڕێگری لە لاوانی خەباتکار بکەن، بەڵام کوڕان و کچانی نیشتمانپەروەری پیرانشار بێ گوێدان بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆنە و ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکلانی خۆیان بەرز و پیرۆز ڕادەگرن و بە چالاکیی تەبلیغیی پیرۆزباییان لە هێزی پێشمەرگە کرد.