ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار، سەبارەت بە داخستنی ناوەندی مەدەنیی “کافەکتێبی ئەندێشە” لە لایەن ئیتتلاعاتی پیرانشارەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار سەبارەت بە داخرانی کافەکتێبی “ئەندێشە”ی ئەو شارە و بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەرانبەر بە بەڕێوەبەران و ئەندامانی ئەو ناوەندە لە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەز، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک ئەو هەوڵەیان بەتوندی مەحکووم کرد.
لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتووە کە:
کافەکتێبی ئەندێشە، وەکوو ناوەندێکی مەدەنیی شوێندانەر و خاوەنگوتار، لە ماوەی شەش ساڵی مێژووی پڕدەسکەوتی خۆیدا، هەر زوو بوو بە ڕێکخراوەی جێمتمانە و خۆشەویستی توێژە جیاجیاکانی خەڵکی پیرانشار و هەروەتر بە بەرزکردنەوەی درووشمی “کافەکتێبی ئەندێشە، بێشکەی بەرهەمهاتنی بیری ئازاد” بوو بە دەنگی زوڵاڵی مافویستیی چالاکانی مەدەنی و بە بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک کۆڕبەند، پانێلی زانستی، چالاکیی پەروەردەیی و مەیدانی و هتد، جێپەنجەی خۆی لەسەر نەخشی شوناسخوازانەی گەلی خۆیدا جێ هێشت.
ئێمە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە هێرشکردن بە چەک بۆسەر ناوەندی مەدەنیی ئەندێشە، بە هێرشکرانە سەر کتێب، کتێبخانە و ڕەوتی پێشکەوتنخوازی دەزانین و پێمان وایە بەکارهێنانی توندوتیژی لە بەرانبەر ناوەندێکی مەدەنی، پێشاندەری ئەوپەڕی بێدەسەڵاتی و شکستی ڕاستەقینەی تفەنگ لە بەرانبەر قەڵەمدایە!
هەر بۆیە، ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار، داخرانی ناوەندی کافەئەندێشە و گرتنەبەری توندوتیژی بەرانبەر بە هەڵسووڕاوانی ئەم ناوەندە، بەتوندی شەرمەزار و مەحکووم دەکات.