جێگری وەزیری زانست، لێکۆڵینەوە و تێکنۆلۆژیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە سەتا ٤٠ی حەشیمەتی بێکاری ئێران دەرچووانی زانکۆکانن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، “عەلی خێرەدین” جێگری وەزیری زانست، لێکۆڵینەوە و تێکنۆلۆژیی ڕێژیمی ئێران، دەڵێ سەتا ٤٠ی حەشیمەتی بێکاری ئێران دەرچووانی زانکۆکانن و ئەو ڕێژەیە کارەساتبارە و بە مانای ئەوەیە کە ئێمە نەماتوانیوە لە هێزی کار بە باشی کەڵک وەربگرین و نەبوونی دواڕۆژ و داهاتوویەکی گەش بۆ لاوان و خوێندکاران، ئەو توێژەی تووشی بێهیوایی کردووە.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بە لاوازبوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەشی تێکنۆلۆژیدا کردووە و وتوویەتی: ”بەدەستهێنانی پلەی ٧١ لە ساڵی ٢٠٢١ نیشان دەدا کە ئێمە نەمانتوانیوە لە بە پیشەیی کردنی زانستدا سەرکەوتوو بین”.
بەپێی قسەکانی جێگری وەزیری زانست، لە ئێستادا ژمارەی خوێندکارانی ئێران لە قۆناغەکانی کارناسیی باڵا و دوکتورا، ٨٠٠ هەزار کەسە، بەو حاڵەوە داهێنانی تێکنۆلۆژی زۆر لاوازە.
شایانی باسە کە بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە هەر ١٠ کەسی خەڵکی ئێران، تەنیا ٣ کەس کاری شیاویان هەیە کە ئەو ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر کەمە.