لە بودجەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی لە ئێران، پاڕیزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمترین بەشیان بەرکەوتووە.
بەپێی هەواڵی هەولدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، بودجەی هەر یەک لە پارێزگاکانی ئێران لە پرۆژەیاسای ساڵی ١٤٠١دا دیاری کراوە و پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەمیشە پشتگوێ خراون و کەمترین بەشیان بەردەکەوێ.
بەپێی ئەو دابەشکارییە، پارێزگاکانی “تاران، یەزد و بووشێهر” زۆرترین بەشیان لە بودجەی ١٤٠١دا بەردەکەوێ و پارێزگاکانی “ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام، لوڕستان، سیستان و بەلووچستان، گوڵستان، قەزوین و ئەردەبێڵ” کەمترین بەشە بودەجەیان بەردەکەوێ.
بەگوێرەی ئەو دابەشکارییە سەرانەی بودجەی هەر تاکێک لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاویدا لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام، لوڕستان و خوراسانی باکوور کەمتر لە ٢٠٠ هەزار تمەنە؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە سەرانەی بودجەی هەر تاكێک لە ساڵی ١٤٠١ لە پارێزگاکانی تاران، یەزد و بووشێهر سەرووی ١ میلیۆن تمەنە.
ئەگەر بەشە بودجەی هەر پارێزگایەک بەسەر ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکەدا دابەش بکەین، سەرانەی بودجەی هەر تاکێک لە پارێزگاکەی بەدەست دێ.
شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران کە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارەوە دەستی بەسەر سەرجەم سامان و داهاتی خەڵک وڵاتی ئێران بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجە دژیگەلییەکانی و بەتایبەت ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکە، پەرەپێدانی گرووپ و میلیشیا تێرۆریستییەکان و هەروەها سەرکوتی نەتەوە بندەستەکانی ئەو وڵاتەدا گرتووە.
بەپیی ئامارێک کە “مێهدی فەلاحەتی” لە بەرنامەی “سەفحەی ئاخر”ی تەلەفزیۆنی دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران بەگشتی زیاتر ١٤١٢ میلیارد دۆلار تەنیا داهاتی نەوتی وڵاتی ئێرانی بەتاڵان بردووە.