لاوانی ئازادیخوازیی کورد بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، لە چەند ئاواییەکی دەورووبەری شاری سنە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لاوانی شۆڕشگێڕ و ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی هاتنی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای پیرۆزی کوردستان، لە ئاواییەکانی گاوەرە، تووار، قوڵقوڵە و دووەیسە سەر بە ناوچەی سنە، بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ناوی پێشمەرگە و بە دروشمەگەلێکی تایبەت بەو ڕۆژە پیرۆزە، چوونە سەنگەری پێشمەرگەوە و ئەو ڕۆژەیان لە پێشمەرگە پیرۆز کرد.
سەرەڕای بەربەستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، لاوانی شۆڕشگێڕ و بەهەڵوێستی ناوچەی سنە بێ سڵەمینەوە لە هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئاخوندی، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ڕۆژی پێشمەرگەیان بەرز و پیرۆز نرخاند.