غولامحوسێن ئێژەیی سەرۆکی داسەپاوی نوێی دەزگای قەزاییی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە سەردەمی ئاخوند ڕئیسی لە دەزگای قەزاییدا نەهاتۆتە ئاراوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیسنا، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، غولامحوسێن ئێژەیی بەرپرسی دەزگای قەزاییی ڕێژیم لە دانیشتنی شۆرای باڵای قەزایی ڕێژیمدا وتی:”ئەمڕۆ دان بەوە دادەنێم کە تا ئێستا لە دەزگای قەزاییدا هیچ گۆڕانکارییەکمان ئەنجام نەداوە و ڕاستە کە گەڵاڵەیەکمان نووسیوە و لە بەرنامەمان دایە گۆڕانکاری لە دەزگای قەزاییدا پێک بهێنین، بەڵام بە کردەوە هیچمان نەکردووە.”
ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە ساڵی ٩٧ی هەتاوی گەڵاڵەی گۆڕانکاریی لە دەزگای قەزاییی ڕێژیم لەلایەن ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئەوکاتی دەزگای قەزایی، ڕادەستی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم کرابوو.
لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵیشدا ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە کار و چالاکی و گۆڕانکاریی لە دەزگای قەزایی کردبوو و بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە لەلایەن خامنەییەوە ڕێز لە کار و چالاکییەکانی ناوبراو لە دەزگای قەزاییدا گیراوە و ڕێبەری ڕێژیم ئەو هەنگاوەی ئاخوند ڕەئیسی وەک هەنگاوێکی جەهادی ناوبردبوو کە وایکردووە دەزگای قەزایی سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆی ڕاکێشێ.
شایانی باسە کە غولامحوسێن ئێژەیی کە پێشینەیەکی بەربڵاوی لە سەرکوت و ئەشکەنجەی ناڕازییانی ئەو ڕێژیمەدا لە کارنامەی خۆیدا هەیە، پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن ڕێبەری ڕێژیمەوە وەک سەرۆکی دەزگای قەزایی هەڵبژێردرا و ئێستاش بەپێچەوانەی بانگەشەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی ڕایگەیاندووە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە دەزگای قەزاییدا نەهاتۆتە ئاراوە.