لێکدانەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نوێنەری ڕووسیە لە وتوویژەکانی ڤییەن، ئەگەری هەڵگەڕانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێژیمی ئێران نیشان دەدەن.
میخائیل ئولیانۆف، نوێنەری وڵاتی ڕووسیە لە وتووێژەکانی ڤییەن لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە چەند لێدوانی جیاوازدا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران لە بەرنامە ناوکییەکەی زێدەڕۆیی دەکات و دەبێت دەستی ئەو ڕێژیمە کورت بکرێتەوە و ئەمەش وا نیشان دەدات کە ئەگەری ئەوە هەیە وڵاتی ڕووسیەش کە هاوپەیمانی ڕێژیمی ئێران بوو، لەو ڕێژیمە هەڵگەڕێتەوە.
ئولیانۆف، ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “تاس”ی ڕووسیە، لەبارەی وتووێژەکانی ڤییەن ڕایگەیاندووە کە ئەو وتوێژانە خەریکە ئاکامێکی لێدەکەوێتەوە و هەنگاوگەلێک لەم بارەیەوە هەڵگیراوە، بەڵام ئەم هەنگاوانە زۆر بە شلی دەچنە پێشەوە.
ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێک لە پرسەکانی وتووێژەکانی ڤییەن باس لەسەر سانتریفیوژەکانی دامەزراوە ناکییەکانی ڕێژیمی ئێرانە و وتوویەتی: “چی دەتوانین لەو سانتریفیوژانە بکەین؟ لەم بارەیەوە سێ ڕێگاچارە لەبەردەستە، یان ئەوەی کە ئەو سانتریفیوژانەی ئێران بگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە، یان ئەوەی کە لەنێو ببردرێن یان ئەوەی کە ئەنبار بکرێن و لەلایەن ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ناوکییەوە ئەنبارەکەش پڵۆمپ بکرێت”.
شایانی باسە کە ئەو نوێنەرەی ڕووسیە، لەسەر وتووێژەکانی ڤییەن، ڕۆژی یەكشەممە، ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ “ئێرانئینترناشناڵ” ڕایگەیاندبوو کە ئامانجی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژەکانی ڤییەن تەنیا کات بەفیڕۆدانە و تیمی دانوستانکاری ئێرانی تووشی هەڵە بوون و تەنیا بۆ کات بەفیڕۆدان لەو وتووێژانەدا بەشداری دەکەن.