ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەگەری سەرنەکەوتنی وتووێژەکانی ڤییەن و پلانی مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەڕەشە لەو دوو وڵاتە دەکات.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەسەر هەر ئەگەرێکی سەرنەکەوتنی وتووێژەکانی ڤییەن و پلانی مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە ئامانج سەرەکیی ئەو مانۆڕە هاوبەشە دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێرانە، بە توندی هەڕەشە لەو دوو وڵاتە دەکەن؛ ئەو لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ئیسرائیلیش بەردەوام هەڕەشەی سەربازی و هێرش بۆسەر دامەزراوە و ناوەندەکانی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەکەن. ئەگەرچی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بێکردەروەن، بەڵام هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام گورزی کاریگەریان لە هێز و میلیشیا و گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە ناوچەکە داوە.
بەپێی هەواڵی هەوالدەریی “نووران نیوز”ی سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ڕێژیمی ئێران، بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ڕێژیم کە ناوەکەی بڵاو نەکردووەتەوە، لە لێدوانێکدا بۆ ئەو هەواڵدەرییە لە کاردانەوە بەرامبەر بە مانۆڕی هاوبەشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەگەری هێرش بۆسەر ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەی توندی لەو دوو وڵاتە کردووە و ڕایگەیاند کە لە ئەگەری ھەر ھێرشێکدا “باجی قورس” دەدەن.
ئەو هەواڵدەرییە لە زاری ئەو بەرپرسەی ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە کە لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆسەر کۆماری ئیسلامی، بە مووشەک وڵامی ھێرشەکەیان دەدرێتەوە و وتوویەتی: “لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە و ناوەندە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە دڵنیاییەوە وڵامی ئێمە باجێکی قورسی بۆ ئەوان دەبێت”.
شایانی باسە کە پێشتریش “لۆید ئاستین”، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و “بێنی گانتز”، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەیەکدا لە واشینگتۆن باسیان لەسەر مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشی هێزەکانی هەردوو وڵات کردبوو کە ئامانجی سەرەکیی ئەو مانۆڕە ناوەند و دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمە ئێرانە و ڕێژیمیش هەستی بە مەترسیی کردوو و لە بەرانبەردا ئەو مانۆڕەی کردووەتە بیانوویەک بۆ بەلاڕێدابردنی وتووێژەکانی ڤییەنی و بەم بیانووەشەوە هەڕەشە لەو دوو وڵاتە و وتووێژەکانیش دەکات.