دیپلۆماتکارانی پلەبەرزی وڵاتانی ئورووپایی ئەندام لە بەرجام، لە ڕاگەیەندراوێکدا وتیان؛ لە دانوستانەکانی ڤییەن هیچ بەرەوەپێشچوونێک بەدی ناکرێ و کات بەرەو کۆتایی دەروا.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، دیپلۆماتکارانی پلەبەرزی وڵاتانی ئورووپایی بە ئاماژە بە دەوری نوێی دانوستانەکانی ڤییەن، باسیان لەوە کرد کە وتووێژەکان چەند کاتژمێری خایاندووە و نوێنەرانی تەواوی وڵاتانی ئەندام لە بەرجام داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە داواکاریگەلێکی شیاو بخاتە ڕوو؛ بەڵام بەپێچەوانە داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕەوا نین و هیچ لایەنێک ئامادە نییە ئەو داواکارییانە قەبووڵ بکا.
دیپلۆماتکارانی ئورووپایی، تیمی دانوستانکاری ڕێژیمی ئێرانیان بەوە تاوانبار کرد کە کە تەنیا کات بەفیڕۆ دەدەن و وتیشیان: تائێستا لە دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ناوکیی هیچ وتووێژێکی جیددی و کاریگەر دەستی پێنەکردووە، هۆکاری ئەوەش تەنیا کۆماری ئیسلامییەوە کە دەیهەوێ کات بەفیڕۆ بدا بۆ ئەوەی پەرە بە دروستکردنی چەکی ناوکیی بدا و هەر ئەوەش وای کردووە کە ڕێککەوتنی بەرجام کۆتایی پێ بێ و دانوستانەکان چیتر نەمێنن و پێشگرتن بە دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی، دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە.