لە سەرانسەری پارێزگای سنە تەنیا یەک کتێبخانەی تایبەت بە نابینایان بوونی هەیە کە بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان لەوێش تەنیا ١٦٧ ناونیشانی کتێبی بریلی لێیە و لە لایەکی دیکەشەوە نابینایان لە هەبوونی شوێنێکی سەربەخۆ و تایبەت بەخۆیان لەو کتێبخانەیەشدا بێبەشن.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی دەوڵەت و بە وتەی محەممەد مەخدومی بەڕێوەبەری کتێبخانە گشتییەکانی شاری سنە، کتێبخانەی پارێزگای سنە کە تایبەتە بە نابینایان و لە شاری سنەیە توانای دارایی ئەوەندە نییە و ناتوانێ پێداویستیەکانی ئەم کتێبخانەیە دابین بکات؛ نەبوونی شوێنی تایبەت بۆ نابینایان لەم کتێبخانەیە و گرینگینەدانی بەرپرسان بە پێداویستی نابینایان لە بواری کتێب و خوێندنەوەدا، بووە بەهۆی ئەوەی کە تەنانەت چاپکەرێکی بریلیش بۆ نابینایان لە پارێزگای سنە دەست نەکەوێ.
بەڕێوەبەری کتێبخانە گشتییەکانی سنە ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە کە ” کتێبخانەی نابینایان و کەمبینایانی پارێزگاکە چاپکەری بریلی نییە.”
ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا دەڵێ: “بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان و بێهیوابوون لە پشتیوانیی حکومەت بۆ نابینایانی سنە، داوای لە خێرخوازان و خەمخۆرانی کورد دەکەین کە بیر لەمە بکەنەوە و یارمەتی نابینایان بدەن.”
شایانی باسە کە کە ئەم کتێبخانەیە تەنانەت لە شوێنێکی سەربەخۆ بۆ نابیناکان بێبەشە؛ بەپێی ئامارەکان لە پارێزگای سنە ٢ هەزار و ٣٣٧ نابینا و کەم بینا دەژین، لەگەڵ ئەوەشدا چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕایانگەیاندووە کە ژمارەیەکی زۆر لە نابینایان بێبەشن لە هەر جۆرە پشتگیرییەک و هەر بۆیەش ناویان لە هیچ لیست و ئامارێکدا تۆمار نەکراوە.